بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارە شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی کارەکانی سەردانی بەغدا بکات و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێت، لیژنەیەکی باڵا ھەیە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنوسسازەکان و شاندی ھەرێمیش تا ڕێککەوتنی کۆتایی بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکانی.
خدر مەنتک، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش پێکهاتنی حکوومەتی ئێستای عێراق لیژنەیەکی باڵای ئیدارەدانی دەوڵەت ھەیە و بەپێی ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان ھەموو پرسە چارەنوسسازەکان لەلایەن ئەو لیژنەوەیە یەکلا دەکرێنەوە پێش ئەوەی بچنە لای حکوومەت.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "ھەرێمی کوردستان شاندی دانوستانکاری پێک ھێناوە و پێشتر سەردانی بەغدایان کردووە، بڕیارە سەردانەکان بەردەوام بن بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەی ھەموو ئەو پرسانەی پێشتر بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە لە نێوان ھەرێم و بەغدا و پرسی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و بودجەی ھەرێم و کێشەکانی نەوت و غاز.''
خدر مەنتک ڕوونی کردەوە: ''نازانم چ ڕۆژێک شاندەکە دەگەڕێنەوە بەغدا، بەڵام زنجیرەی دانوستانەکان بەردەوام دەبن و پێشبینی دەکەم لەگەڵ ھاتنی ساڵی نوێ ڕێککەوتن بکرێت لەبارەی بودجەوە، چونکە عێراق لەوە زیاتر بەرگەی بێبودجەیی ناگرێت و ئێمەیش وەک ھەرێمی کوردستان چاوەڕێی ناردنی بەشەبودجەی خۆمان دەکەین لە بەغدا بۆ ئەوەی ھەم بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەران و ھەم بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تەرخان بکرێت.
وەڵام بدەوه