Kurdistan Press - بۆچی یەكێتی شەڕ بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەفرۆشێت؟ بۆچی یەكێتی شەڕ بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەفرۆشێت؟ | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

بۆچی یەكێتی شەڕ بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەفرۆشێت؟

بۆچی یەكێتی شەڕ بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەفرۆشێت؟

جەمال عەبدوڵا:

لە یەكەم كابینەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ھەتا ئێستا، ئاگاداری بەشداریكردنی یەكێتییم لە گشت كابینەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا، بەڵام ھیچ كاتێك بە قەدەر ئێستا، یەكێتی ھەوڵی شەڕفرۆشتنی بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەداوە.

یەكێتییەكەی ئێستا، ھۆكاری ڕاستەقینەی بێتاقەتی و بێتەحەمولی و شەڕفرۆشیی خۆی لە بەرامبەر ئەم كابینەیەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەشارێتەوە و ڕاستییەكان بە خەڵك ناڵێت، بە بڕوای خۆم پارتییش لەبەر ئەوەی تاڵە دەزووەكەی معاویە لەنێوان خۆی و یەكێتییدا بھێڵێتەوە و زیاتر لە یەكێتییش ھەست بە بەرپرسیارێتی دەكات، نایەوێت ھەموو شتێك بڵێت، بەڵام خۆ من نە حەقم بەسەر پارتیەوە ھەیە و نە یەكێتی، بۆیە دەڵێم:

1- یەكێتی بۆیە لەم كابینەیەی حكوومەت زۆر پەست و بێتاقەتە چونكە ئەم كابینەیە هەوڵی بەردەوام دەدات كە یەك حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەبێت، (یەك حكوومەت) بەو مانایەی ئەم حكوومەتە یەك سەرۆكی ھەیە، یەك یاسای ھەیە، یەك ڕێنمایی ھەیە، یەك سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ھەیە، یەك سیاسەتی دارایی و ئابووری و نەوتی و كشتوكاڵی و پیشەسازیی ھەیە، یەك پلانی بۆ وەبەرھێنان و گەشتوگوزار ھەیە، یەك سیاسەتی بەرامبەر بەغدا و دراوسێكان ھەیە، یەك ستراتیژ و یەك سیاسەتی ئەمنیی ھەیە، بەڵام:

2- لەبەر ئەوەی یەكێتی دەیەوێت لە ناو حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بێت بەڵام ئەم حكوومەتە دوو سەرۆكی ھەبێت، واتە جێگرەكەشی سەرۆكی حكوومەت بێت! دەیەوێت لەناو وەزارەتی دارایی بێت، بەڵام كەس حەقی بەسەر مەرزەكانی باشماخ و پەروێزخان و ھیچ مەرزێكی دەڤەری سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەرینەوە نەبێت!

یەكێتی دەیەوێت لە وەزارەتی كشتوكاڵ بێت، بەڵام كەس حەقی بەسەریەوە نەبێت چەند خۆراكی ماوە بەسەرچوو لە مەرزەكانی لای خۆیەوە دەھێنێت و دەیكات بە قوڕگی خەڵكدا! دەیەوێت لە دەستەی وەبەرھێنان بێت، بەڵام كەس حەقی بەسەر ئەوەوە نەبێت كە زەویەكانی حكوومەت كە موڵكی گشتیین چۆن لە سلێمانی دابەش دەكرێن و دەدرێن بە كێ و چییان لێ دەكرێت!

دەیەوێت لەگەڵ شاندی ھاوبەشی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بێت بۆ بەغدا و وڵاتانی دەرەوە، بەڵام كەسیش حەقی بەسەریەوە نەبێت كە بەتەنیا لەگەڵ چ وڵاتێكدا و دەچێتە ناو چ گەمە و چ كەینوبەینێكی ئیقلیمییەوە! دەیەوێت لە وەزارەتی پێشمەرگە بێت بەڵام ھێزی پێشمەرگەی تایبەت بە خۆیشی ھەبێت و لەجیاتی وەرگرتنی فەرمان لە وەزارەتی پێشمەرگە فەرمان لە سەرۆكی حزب وەربگرن! دەیەوێت لە حكوومەتەوە مووچە و بودجەی تەواوی گشت دەزگا ئەمنیەكانی بۆ بچێت، بەڵام كەس حەقی بەسەریەوە نەبێت كێ دەڕفێنن و ھەڕەشە لە كێ دەكەن و كێ تیرۆر دەكەن!

بەڵام ئەم كابینەیەی حكوومەت ھیچ یەكێك لەو داواكارییانەی یەكێتیی قبووڵ ناكات، چونكە ئەو داواكارییانەی یەكێتی داواكاریی حزب یان ھێزێكی سیاسی نیە كە بەڕاستی بیەوێت ھەرێمی كوردستان خاوەنی یەك حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی بەھێز بێت، بەڵكوو ئەم داواكارییانە زیاتر لە داواكاریی میلیشیایەكی لەدەست دەرچوو دەچێت كە بیەوێت بەو سیاسەتانەی خۆی و بە حسابی خۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرمۆڵ و ئنجا تووشی شكست بكات بۆ ئەوەی بكرێتە پاساوی ھەڵدێرانی گشت داوودەزگا دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان كە لەمێژە بە چەندین ڕێگە داگیركەران و ناحەزانی كوردستان پیلانی جیاجیایان بۆ داڕشتووە و چەند جارێكیش ھەوڵی جێبەجێكردنی ئەو پیلانەیان داوە، بەڵام ھەموو جارێك شكست بەو پیلانانە ھێنراوە.

ئەگینا ئەگەر وا نیە بۆچی ئەگەر حكوومەت بڵێت با ھێزی ھاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی كۆكردنەوەی داھات و بنبڕكردنی قاچاخچێتی بچنە سەر گشت مەرزەكانی ھەرێمی كوردستان، بەڵام یەكێتی بڵێت ئەگەر ئەو ھێزە ھاوبەشە بێتە مەرزەكانی باشماخ و پەروێزخان، شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت! ئەگەر وا نیە بۆچی یەكێتی دەڵێت ئەگەر دانپیانانی تێوەگلاوان لە تیرۆركردنی ھاوكار جاف بڵاو بكرێتەوە شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت؟ ئایا ئەمانە قسەی حزبێكی سیاسییە كە بەڕاستی یەك حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی بەھێزی بوێت، یان قسەی میلیشیایەكی لەدەست دەرچووە؟

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه