مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا جەخت لە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و بەگشتی هەمەجۆرکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان دەکات.
من زۆر پێی دڵگران بووم کە بینیم جووتیارەکان لە کاتێکدا ناتوانن بەرهەمەکانی خۆیان بفرۆشن دێن تەلەفی دەکەن. ئێمە هەر زوو هەستمان بەوە کرد کە خوا سەروەتێکی زۆری بە ئێمە داوە کە بەداخەوە وەکوو پێویست سوودی لێ وەرنەگیراوە، ئەویش بابەتی کشتوکاڵە، بۆیە لە سەرەتاوە من زۆر جەختم لەوە کردەوە کە دەبێ وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا بکەین، یارمەتی جووتیارەکانمان بدەین بۆ ئەوەی بتوانن کە ئەم سامانە نیشتمانییە بە ئاستێک بگەیەنن کە ببێتە خێر و بەرەکەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و زیادکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان. بۆیە هەوڵمان دا بۆ ئەوەی جووتیارەکان ڕازی بن، حکوومەتی هەرێم سیاسەتێکی وا بگرێتە بەر کە بەرهەمی جووتیارەکان وەربگرێتەوە، نەک تەنیا لە ئاستی ناوخۆ، بەڵکوو هەناردەی دەرەوەشی بکەین، بۆ ئەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان زیاد بکات و ژێرخانێکی پتەوتری ئابووری بەتایبەتی لە ڕووی کشتوکاڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەین. ئەگەر سەیری مێژوو بکەن، کشتوکاڵ لەم ناوچەیەوە سەری هەڵداوە، بەڵام لە مێژووی نزیکی هەرێمی کوردستاندا ئەگەر سەیری بکەین چەندین هۆکار هەبوون کە نەیانهێشتووە بابەتی کشتوکاڵ لێرە پەرە بستێنێت، پێشتر بابەتی وێرانکردنی گوندەکان، دروستکردنی کەمپەکان و سیاسەتێکی مەرکەزی هەبووە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان لە زەوییەکانیان دوور بخرێنەوە و نەبن بە خاوەنی بڕیاری خۆیان و هەمیشە چاو لە دەستی حکوومەتێکی داگیرکەر بن، ئەمە هۆکاری سەرەکی بووە کە زیانی بە کەرتی کشتوکاڵی گەیاندووە، دوای ئەوەش سیاسەتێکی تری بەرانبەر پەیڕەو نەکراوە کە بووژانەوەی ئابووری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەخێرایی پەرە بستێنێت.
ئێمە لەم کابینەیە هەستمان بەوە کرد کە خوای گەورە سامانێکی لەبننەهاتووی بە خەڵکی ئێمە داوە و ئێمە دەبێ لە سەرەتاوە یارمەتیی جووتیارانی خۆمان بدەین و پاڵپشتیان بین بۆ ئەوەی پەرە بە کشتوکاڵ بدەن و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان نەک تەنیا ببێت بە داهاتێک بۆ خۆیان، بەڵکوو یارمەتیدەرێکی سەرەکی بێت بۆ زیادکردنی داهات لە هەرێمی کوردستان. سیاسەتی ئێمە هەجۆرکردنی داهاتە، کەرتەکانی تریش هەن، وەکوو گەشتوگوزار و پیشەسازی، کە ئەمانەش ئێمە گرنگیمان پێیان داوە، بەڵام کشتوکاڵ بنەمای ئابوورییەکی بەهێزە بۆ هەموو وڵاتێک، ئێمە خاکێکی بەپیتمان هەیە، وەکوو پیویست سوودی لێ وەرنەگیراوە، ئەگەر کەرتی کشتوکاڵی پەرەی پێ بدرێت، بێگومان ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەرتەکانی تریش، بۆ نموونە کەرتی پیشەسازی ئەو کاتە دەتوانێت پێش بکەوێت کە کەرتی کشتوکاڵی پێش بکەوێت.
وەڵام بدەوه