بەگوێرەی زانیارییەکان كە لە سەرچاوەیەكی سیاسیی باڵاوە دەست كەوتووە، داواکارییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی سیاسیی كوردستان، بە پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی زەرەرێكی یەكجار گەورە لە یەكێتیی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەدات و هیچ مانایەك بۆ دیموكراسی و سەروەریی یاسا ناهێڵێتەوە، پارتی بەو داواكارییانە رازی نەبووە.
سەرچاوە سیاسییەكە ئاشكرای كرد، یەكێتی بۆ رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی، داواكاریی خۆی خستۆتە ڕوو، بەڵام ئەو داواكارییە هاوشێوەی فیفتی بە فیفتی سەردەمی شەڕی ناوخۆییە، دەیانەوێ لەم ڕێگەیەوە گەرەنتیی سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر سلێمانی، راپەڕین، گەرمیان و هەڵەبجە بکەن، هەروەها پێگەی سەربازی و ئەمنیی خۆیان هەبێت، بەم جۆرەش كۆتایی بە خەونی بونیادنانی یەك دامەزراوەیی لە هەرێمی كوردستان دێت و ناتواندرێت یەک وەزارەتی پێشمەرگە و یەک ئیدارەدانی ئەمنی و دارایی هەبێت، بەڵكوو دوو ئیدارەییەكەیان دەوێت بەڵام لەژێر ناوی دیكەوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی: ”پارتی بەم داواکارییەی یەکێتی رازی نییە، چونکە پێی وایە، رێککەوتن دەبێ لەسەر هەندێک بنەمادا بکرێت، کە لەگەڵ شایستەی هەڵبژاردندا گونجاو بێت، هەروەها ئەو بنەمایانەی لە دەستووردا هەن بڕوامان پێیان هەبێت و كەس مافی ئەوەی نییە زەرەر بە یەكێتیی قەوارەی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت، بەڵام ئەوەی یەکێتی دەیڵێت دوو ئیدارەیی و فیفتی بە فیفتییەكی دیکەیە و پێویستی بە هەڵبژاردنیش نییە تا بکرێت.“
بەگوێرەی زانیارییەکان، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە، رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتی بکات، بەڵام بەم شێوازە لە بەغدا لەسەر مافە دەستوورییەکان هەردوو لا یەک بن و سازش نەکەن، دەستووری هەرێم بنووسرێتەوە و پێیەوە پابەند بن، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان وەک خۆی لە هەرێمی کوردستان قەبووڵ بكرێت، دامەزراوەکانی حکوومەت بەهێز و بە سەرتاسەری بكرێن. یەکێتی بەمە رازی نییە و پێی وایە، کە رێککەوتنەکە لە بەرژەوەندیی پارتیدایە، چونکە پارتی زۆرینەیە و سەرۆک وەزیران لە پشکی ئەوە.“
بافڵ تاڵەبانی ترسی چی لێ نیشتووە؟
هەر بەپێی زانیارییەکان، بافڵ تاڵەبانی نایەوێ دامەزراوە ئەمنییەکان ببن بە یەک دامەزراوە، ناشیەوێ هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر سایەی وەزارەتی پێشمەرگە ئیدارە بدرێن و دەستی حزب لەنێو هێزی پێشمەرگە ببڕدرێت، چونكە ئەگەر ئەمە ڕووبدات، هیچ یەكێك لە ئەندامانی هێزەكانی سەر بە یەكێتی لەگەڵ ئەو حزبە نامێننەوە، لەبەر چەندان هۆكار كە دیارترینیان بابەتی ململانێی ناوخۆیی و دابڕانی یەكێتیی لە جەماوەرەكەی و كەیسی كوشتنی فەرماندەكانی وەك عەمید موراد كانی كوردەیی و عەقید هاوكار جافە كە بە تەواوی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی لە حزبەكەیان تۆراندووە.
یەکێتی دوو حكوومەتی لەنێو کوردستاندا دەوێت
ئەو سەرچاوە باڵایە جەختی كردەوە، خواستی یەکێتی ئەوەیە، کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، هاوشێوەی سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی رەهای بۆ بەڕێوەبەردنی سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە و راپەڕین پێ بدرێت، واتە سەرۆک وەزیرانی ناوچەی سەوز بێت، سەرۆکی حکوومەتیش تەنیا حوکمی هەولێر و دهۆک بکات، ئەمەش دوو ئیدارەییەكی زقە.
لەبارەی ئەوەی كێ هاندەرە بۆ ئەم پیلانە، سەرچاوەكە گوتی: ”وڵاتانی دراوسێ بۆ ئەم بابەتە هانی یەكێتی دەدەن، چونکە هێشتا ترس لە دروستبوونی قەوارەیەكی سیاسیی نوێ لە ناوچەكە، لای هەندێك وڵات نەڕەویتەوە، دەبینین ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق دژی ئەوەن كە كوردی عێراق بە مافەكانی خۆیان بگەن، بۆیە یەکێتی وەک ئامراز بۆ نائارامیی ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان هان دەدەن و نایانەوێ ئیدارەیەکی سەقامگیر هەبێت.“
وەڵام بدەوه