حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی توندی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە ١٤.١٤٪ بۆ ١٢.٦٨٪، و ئەمە بە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی ٢٠٢٧ دەناسێنێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، حکومەتی هەرێم ئەم خاڵە سەرەکییانەی خستووەەڕوو:
پەراوێزخستنی ڕێککەوتنەکان: ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی سەرژمێری بەبێ تەواوکردنی پرۆسەی بەراوردکاری لەگەڵ سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ و پشتگوێخستنی تیمە هاوبەشەکان لە ناوچە کوردستانییەکان.
دەستکاریکردنی ئامارەکان: دابەزاندنی نایاساییی ڕێژەی هەرێم بە بیانووی دەرکردنی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم ئەرکی میوانداریکردن و خەرجییەکانی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەسی ناوچە هاوبەشەکانیشی لەئەستۆدایە، بەڵام بەغدا لە قازانجی خۆی هەژماری کردوون.
رەتکردنەوەی داتا و شایستەکان: خەرجنەکردنی ١٣.٨ ملیار دیناری تەرخانکراو بۆ خەرجییەکانی سەرژمێری لە هەرێم، لەگەڵ پێدانی پاساوی نالۆژیکی بۆ پێنەدانی داتا خاوەکان و پشتگوێخستنی هەوڵە فەرمییەکان.
لە کۆتاییدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتوندی داوای جێگیرکردنی پشکی ١٤.١٤٪ لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ دەکات. هەروەها هۆشداری دەدات لە دووبارەبوونەوەی ستەمە داراییەکانی ڕابردوو و ڕەتی دەکاتەوە مافی هاووڵاتییانی لە دامەزراندن، بەشەخۆراک و خزمەتگوزارییەکان بەهۆی ئاماری دەستکاریکراوەوە زەوت بکرێت.
#kurdistanpress


وەڵام بدەوه