پوختەی هەواڵ
لە دوای ڕووداوە ئەمنییەکەی شارۆچکەی پردێ و کوژران و برینداربوونی دوو چەکداری حەشدی شەعبی، هێزە ئەمنییەکان دۆخێکی سەربازییان لە شارۆچکەکە سەپاندووە و چەندین گەنجی کوردیان دەستگیرکردووە، لەناویشیاندا سێ پێشمەرگە هەن.
سێی ئەیلوولی ئەم ساڵ، دوو چەکداری نەناسراو دەستڕێژی فیشەکیان لە بارەگایەکی حەشدی شەعبی (حەشدی تورکمانی) لە پردێ کرد، کە تێیدا چەکدارێک کوژرا و یەکێکی تریش بریندار بوو.
دوای رووداوەکە، هێزەکانی حەشدی تورکمانی و سوپا شارۆچکەکەیان گەمارۆ دا و دۆخێکی سەربازییان سەپاند، هەروەها پشكنین بۆ ئۆتۆمبێل و ماڵی هاووڵاتییان دەکرێت.
بەپێی زانیارییە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، چەندین گەنجی کورد بە گومانی تەقەکردن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
لەناو دەستگیرکراوەکاندا، سێ پێشمەرگە بوونیان هەیە، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە بێئاگایی خۆی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر پێشمەرگەش بن، لەو ناوچەیە وەک هاووڵاتی گیراون نەک وەک پێشمەرگە، و لیژنەیەکی هاوئاهەنگیان لەگەڵ سوپای عێراق پێکهێناوە.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای ئازادکردنی بەشێک لە گیراوەکان، هێشتا بەشێکی تریان لە ژێر لێکۆڵینەوەدان و بۆ شارۆچکەی کەرکووک گواستراونەتەوە، لە کاتێکدا كەسوکاریان باس لەوە دەکەن کە دوای شەش ڕۆژ لە دەستگیرکردنیان هیچ سۆراخێکیان نازانن.
#kurdistanpress


وەڵام بدەوه