Kurdistan Press - ڕاگه‌یا‌ندراوێک لە گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ڕاگه‌یا‌ندراوێک لە گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ڕاگه‌یا‌ندراوێک لە گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

ڕاگه‌یا‌ندراوێک لە گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
هاووڵاتیانى خۆشەویست
لە سۆنگەى هەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتى نەتەوەیى و نیشتمانى، هاوکات بۆ ڕێگرى لە چەواشەکارى و ئاشکراکردنى ڕاستییەکان بۆ مێژوو، بە باشمانزانى وەڵامى بەشێک لە قسە و چەواشەکارییەکانى وتەبێژى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بدەینەوە، کە دوابەدواى کۆبوونەوەى سەرکردایەتى حزبەکەى لە ڕێکەوتى ٢١ى حوزەیرانى ٢٠٢٦ بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن قسەیکرد، مەبەستمانە ڕاستییەکان بە خەڵکى خۆڕاگر و تێکۆشەرى کوردستان ڕابگەیەنین.
دواى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، لە کاتێکدا کە پارتیمان سەردان و دانوستانەکانى چڕکردبۆوە بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ، یەکێتى دەستیکرد بە کات کوشتن بۆ هەڵنەبژاردنى سەرۆکایەتى پەرلەمان و پێکنەهێنانى کابینەى دەیەم. چونکە لە ناخى خۆیاندا باوەڕیان بە پڕۆسەى دەنگدان و هەڵبژاردن نیە بۆیە کەوتنە بیانو هێنانەوە و، بە ئاشکراش هەستدەکرا کە پشتگیرى دەکرێن بۆ ئەم ڕەفتار و مەرامەیان، سەرۆکى یەکێتى نەیشاردەوە و بە بەرچاوى خەڵکەوە ڕایگەیاند کە لەگەڵ پێکهێنانى دامەزراوە شەرعیەکان نیە.
وتەبێژەکەى یەکێتى دەبوایە ئاماژەى بە ژمارەى دەنگ و کورسیەکانى خۆیان و پارتی بکردبایە لە هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ئەوکات دەردەکەوت ئێمەى پارتى نوێنەرایەتى چەندى خەڵکى کوردستان دەکەین و ئەوانیش نوێنەرایەتى چەند دەکەن، شایستەى هەڵبژاردن لەسەر ئەو شەرعیەتەى خەڵک پێوانە دەکرێت نەک لەسەر دروشم و ناڕاستى، خەڵکى کوردستان متمانەیان دایەوە بە پارتى چونکە لێى دڵنیابوون دەستکەوتەکانیان دەپارێزێت.
یەکێتى بە هەموو تێبینیەکانیشەوە خاوەنى (٢٣) کورسى پەرلەمانییە، لاى خەڵکى کوردستان ڕوونە رووداوە کارەساتبارەکەى لالەزار و زیندانیکردنى کەسى یەکەمى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەپێناو چى بوون، ئەم ڕووداوانە و کۆمەڵێک ڕووداوی دیکەى لەو شێوەیەیە کە وتەبێژەکەى یەکێتى شانازیان پێوەدەکات و وادەزانێ خەڵکى کوردستان ئەم ڕووداوە شەرمئامێزانەى لەبیرکردووە! کوردستانییان زۆر لەوە زیرەکتر و داناترن بە ڕیزکردنى چەند وشە و ڕستەیەکى ئاخنراو بە چەواشەکارى باوەڕ بکەن.
پارتى بەرپرسیارانە بەرامبەر ڕێباز و خەباتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەى خۆى و لە ڕوانگەى خەمخۆرى بۆ بەرژەوەندییەکانى هاووڵاتیانى کوردستان و پاراستنى ماف و دەستکەوتەکان، کە بەخوێن و خەباتى چەندین ساڵە بەدەست هاتوون چاوپۆشى لە زۆر هەڵوێستى ڕابردوو و ئێستاى یەکێتى کردووە، بەڵام پێویستە ئەوەشیان بۆ ڕاست بکەینەوە کاتێک دەڵێن یەکێتى سازش لەسەر مافەکانى خەڵکى کوردستان ناکات، ڕاستییەکەى ئەوەیە کە تەنیا یەکێتییە مافى خەڵک و دەنگدەرانى کوردستانى پیشێل کردووە و بۆتە کۆسپ لەبەردەم پڕۆسەى دیموکراسى و کاراکردنەوەى پەرلەمان. یەکێتى تەنیا نوێنەرایەتى دەنگدەرانى خۆى دەکات، ئەو لایەنەى کە نوێنەرایەتى ڕاستەقینە و زۆرینەى خەڵکى کوردستان دەکات ئەوە پارتى دیموکراتى کوردستانە، ئەمەش متمانە و بڕیارى خەڵکە، بۆیە پارتى هەرگیز سازش لەسەر ماف و ویستى کوردستانییان ناکات و مافەکانیان دەپارێزێت. 
یەکێتى لەسەر زارى وتەبێژەکەى باسى باڵ باڵێن دەکات! باشە یەکێتى لەبەکارهێنانى هەندێک چەمکى نابەجێ بەخۆیاندا بچنەوە، چونکە وەڵامنەدانەوەى پارتى سنوورى خۆى هەیە، سروشتى پارتی وایە کە یەک ڕێبەر و یەک بڕیار و یەکگرتووە، هەر واش دەمێنێتەوە بەرامبەر ئاڵنگاییەکان و پیلانەکانى ئەوان و ئەوانەشى لە پشت ئەوان بوون، هەر بۆیەش پارتى سەرکەوتوو بووە و یەکێتیش بەو دۆخەى ئێستاى گەیشتووە، مێژووش شاهیدە لەسەر ئەم بابەتە.
قسەى ڕاستى وتەبێژەکەى یەکێتى ئەوەبوو کە دەڵێ” سیاسەتى خۆسەپێنى زیان بە هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت” دەى ئەوە یەکێتییە دەیەوێت بە زۆردارى و بەبێ گوێدانە دەنگ و ڕاى خەڵکى کوردستان خۆى بەسەر ئاکام و ئەنجامەکانى هەڵبژاردندا بسەپێنێ و هیچ حیسابێک بۆ دەنگ و ژمارەى کورسى لایەنەکان نەکرێت.
ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، هەموو کوردستان و کوردستانیان لەلامان ئازیزن و پێمانخۆشە خزمەتیان بکەین، ئەوە یەکێتییە جیاکاریى دروستکردووە و ناهێڵێت یاسا و ڕێنماییە ئیدارى و مالیەکان و پڕۆژەکانى حکومەتى هەرێم لە هەموو سنوورى کوردستان جێبەجێ بکرێن.
هیوادارین ئەو ڕەفتارانەیان بگۆڕن و چیتر بەشێکى گرنگ و ئازیزى هەرێمەکەمان نەکەنە بارمتەى جێبەجێکردنى مەرامەکانیان، چیتر نەبنە هۆى نیگەرانى و، یەک پارچەیى هەرێم و قەوارەکە و ماف و دەستکەوت و سەقامگیريی خەڵکى کوردستان لە بەرچاوبگرن و، چیتر نەیار و دوژمنانى گەلەکەمان دڵخۆش نەکەن.
مەحمود محەمەد
گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٢ـی حوزەیرانى ٢٠٢٦

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه

NEW APP AVAILABLE
ئاگادارکردنەوەکان

هەرگیز نوێکارییە گرنگەکان لەدەست مەدە

دۆخی تاریک

ئاسانە بۆ چاو، بە شەو یان ڕۆژ

KurdistanPress Mobile App
هەواڵى بەپەلە
KurdistanPress
هاوبەشی خێرا