لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا جەختی لە گرنگی و قووڵی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ گەلی کورد کردەوە و ڕایگەیاند کە ئیدارەی ئەمهریکا بە بایەخەوە دەڕوانێتە سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچە کوردنشینەکاندا.
لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسێکی کورد سەبارەت بە پاشەڕۆژی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمهریکا، جێگری سەرۆک ئاماژەی بە مێژووی هاوپەیمانییەتی هەردوولا کرد و گوتی: "سەرۆک ترهمپ گەلی کوردی خۆشدەوێت و تەواوی ئیدارەکەشمان پەیوەندییەکی زۆر باش و دۆستانەی لەگەڵ کوردانی وڵاتە جیاوازەکانی جیهاندا هەیە."
ڕۆژنامەنووسەکە لە پرسیارەکەیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی کورد وەک هاوپەیمانێکی دڵسۆزی ئەمهریکا لە شەڕی دژی دیکتاتۆرییەت و تیرۆر، هەروەها ئاماژەی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک مەسعوود بارزانی کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە لە سووریا.
لە بەرامبەردا، جێگری سەرۆکی ئەمهریکا دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتهكهیان، چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیانە بۆ هەموو پێکهاتەکان، لەوانەش کورد، عەرەب، مەسیحی و جولەکەکان. ههروهها ڕایگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت گەلی کورد لە ئاشتی و تەبایی و خۆشگوزەرانیدا لەگەڵ دراوسێیەکانیاندا بژین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئەمهریکا بەردەوامە لە پشتگیریکردنی هاوپەیمانە ناوخۆییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گرووپە توندڕەوەکان.


وەڵام بدەوه