ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، بە گوێرەی ئەنجامە فەرمییەکانی سەرژمێری، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بە 14.1٪ دەستنیشان کراوە و دەبێت حکوومەتی فیدراڵ ئەم ڕێژەیە وەک بنەمای دیاریکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان جێگیر بکات، هاوکات خەجت لە یەکخستنی ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق کرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی بە داتا و ژمارەی ورد لەسەر سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق خستەڕوو کە مانگی 11ـی ساڵی 2024 ئەنجامدرا و بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بە 14.1٪ دەستنیشان کرا.
ئەم سەرژمێرییەش، پێشوەختە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا ئەنجامدرا کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پەسەند کرا و حکوومەتی فیدڕاڵ پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە و بڕیارەکانی خودی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ.
ئەنجوومەنی وەزیران نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند، بەداخەوە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ، لە دەرەوەی ئەو بڕیارانە و پێچەوانەی ڕێكکەوتنی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، ڕەفتاری کردووە لەگەڵ دەرئەنجامی فەرمی سەرژمێرییەکە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستی بە ڕێکاری بە پەلە هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی.
هاوکات، ئەنجوومەنی وەزیران، دەستکاریکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە ڕەت دەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتە بەر بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و دەستکاریکردنەکان و داواش لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ڕێککەوتنە هاوبەشەکان و ئەنجامی فەرمی ڕاگەیەنراوی سەرژمێرییەکە کە ڕێژەی هەرێمی کوردستان %14.1ـە.
لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە سەرۆکایەتی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، وەک ئەرکێکی دەستووریی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان، بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و ڕێگە نەدەن دەستکاری ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە بکرێت و نابێت قبووڵی بکەن ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە ڕێژەی فەرمی ڕاگەیەنراوی خۆی کەم بکرێتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە و ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم کە %14.1ـە، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی بەشە بودجە و و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی دووەمی کارنامەکە، گفتوگۆ لەبارەی بابەتی پەسەندکردنی کۆنووسی لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق کرا، تایبەت بە یەکخستنی ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانیيان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، پشتبەست بە ماددەی 132ـی دەستوور و یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2025ـی هەمواری یاسای زیندانیيانی سیاسیی عێراق.
عەبدوڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاریی دەستووریی و یاسایی و لایەنی دارایییەکانی بابەتەکەیان خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی لەهەر هەنگاوێک دەکات بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری زیندانییان و ڕاگیراوانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و سوودمەندبوونیان لە هەمان شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
لە هەمانکاتدا جەختکرایەوە لە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داڕشتنی میکانیزمیی پێویست بۆ زامنکردنی خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانە بۆ زیندانیان و گیراوانی سیاسیی کە بە گوێرەی ماددەی 132ـی دەستوور، ئەرک و بەرپرسیارێتی دەستووریی حکوومەتی فیدڕاڵییە بە یەک چاو سەیری هەموو زیندانیانی سیاسیی بکات لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕاسپێردرا کە درێژە بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق بدەن بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزم و چوارچێوەی ڕوون و دیار بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە بە ڕەچاوکردنی ئەو سەرنج و تێبینیانەی لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو.


وەڵام بدەوه