بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی خستەڕوو و ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بەهێزی بارانباران هەرێم دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچە لێزمەباران دەبێت.
ڕۆژی یەکشەممە، 8ـی شوبات، بەڕێوبەرایتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ڕایگەیاند: ئاسمانی هەرێم بە گشتی بەردەوام هەوری دەبێت، کاریگەری ئەو شەپۆڵە باران بارینەی رووی لە ناوچەکەمان کردووە بەردەوامی دەبێت. بارانبارین بە شێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند دەبارێت لەسەرجەمی ناوچەکەمان لە هەندێ کاتدا، کاریگەری باران بارین بۆ ئەمڕۆ کەمێک لاوازتر دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەراورد بە دوێنێ لە زۆربەی کاتەکان ئاسمان هەر بە هەوری دەمێنێتەوە لەگەڵ بوونی تەم هەروەها لە هەندێ کاتدا کاریگەری تەم زیاتر دەبێت بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان، لەگەڵ بەفر بارینێکی کەم لەسەر لوتکەی شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان. پلەی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە.
سبەی دووشەممە، 9ـی شوبات، کەشناسی پێشبینی دەکات و دەڵێت: کاریگەری شەپۆلی بارانبارین لەسەر ناوچەکەمان زیاد دەکات، کەشی ناوچەکەمان هەور دەبێت و باران لە سەر تەواوی ناوچەکەمان دەبارێت. ڕێژەی دابارین لە سنووری ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ زیاتر دەبێت باران بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەندێ کات لێزمە باران دەبێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشدا: لە سەنتەری پارێزگای دهۆکیش ئەگەری بارانبارینی بە لێزمەی هەیە وە لە سەنتەری پارێزگای هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و هەڵەبجەش باران لەسەر خۆ و نمە بارانی پچڕ پچڕی دەبێت، لە هەندێ کاتدا ئەگەری هەورە تریشقەش هەیە، لەگەڵ بەفربارین لەسەر ناوچە سنوورییە شاخاوییەکان. پێشبینی زیاد بوونی با لە هەندێ کاتدا دەگاتە سەرووی 25 کم لە کاتژمێرێکدا.
کەشناسیی هەرێم ڕاشیگەیاند: سبەی دووشەممە زۆرترین ڕێژەی دابارین لە ئاکرێ مێرگەسوور، بجیل و سیدەکان و پیران پێشبینی دەکەن لە سەرووی 40 ملم بێت. هەروەها پلەی گەرما 1 بۆ 3 پلە بەرز دەبێتەوە.


وەڵام بدەوه