دوای چەند ڕۆژێک لە بەردەوامیی شەپۆلێکی چڕی بەفر و بارانبارین، کاریگەریی ئەو شەپۆلە لەسەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی داهاتوودا کەشوهەوا بە گشتی سەقامگیر بێتەوە.
بەپێی پێشبینییە کەشوهەواییەکان، بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێ لە هەوادا، ئەمشەو تاوەکو کاتەکانی بەرلەنیوەڕۆی سبەی شەممە 3/1/2026، تەم و مژێکی چڕ لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک و ناوچەکانی سۆران و ڕاپەڕین دروست دەبێت، پاشان کاریگەرییەکەی نامێنێت.
بۆ سبەی شەممە 3/1/2026، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە زۆری ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکان بەراورد بە ئەمڕۆ 2 تا 3 پلە بەرز دەبنەوە. بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان و سنوورییەکان بەهۆی ئەو بەفرە زۆرەی باریوە، تاوەکو ڕۆژی دووشەممە 5/1/2026، شەختە و بەستن و سەرمای توند بەردەوام دەبێت و لە ڕۆژی سێشەممەوە کاریگەری ئەو سەرما توندە کەم دەبێتەوە.
هاوکات ئاماژە بەوە دراوە کە لە سبەی شەممەوە تاوەکو 8 ڕۆژی داهاتوو (ڕێکەوتی 10/1/2026)، بەهۆی جێگیربوونی بەرزەپاڵەپەستۆیەک لەسەر بەرگەهەوای ناوچەکە، کەشوهەوا بە سەقامگیری دەمێنێتەوە و ئاسمانی ناوچەکە بە زۆری ساماڵ دەبێت. هەروەها لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە، پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوەی زیاتر دەکەن و بەراورد بە دوو ڕۆژی داهاتوو 3 تا 5 پلەی دیکە بەرز دەبنەوە.


وەڵام بدەوه