ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکات سەبارەت بە ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووس میران بەکر، سكرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی ڕێکخراوی پەیامنێران، درەنگانی شەوی ڕابردوو کاتژمێر ١١:٣٠، لە نزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە شاری هەولێر، هێزێکی ئەمنی کە سەر بە یەكێتین و بە ”هەمەجی“ وەسفی كردوون، هەڵیانكوتاوەتە سەر رۆژنامەنووس میران بەكر و لێیانداوە و ئەشكەنجەیان داوە. ڕێکخراوەکە دەڵێت: "پاش ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و بردنی کەلوپەلەکانی نێو ئۆتۆمبێلەکەی، لە شوێنێکی نزیک هەولێر فڕێدراوە."
ڕێکخراوەکە بە توندی ئیدانەی ئەو کارە نەخوازراوە دەکات و ڕایگەیاندووە کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ژیانی کارمەندانی ڕاگەیاندن. لە دەقی داواکارییەکەدا هاتووە: "داواکارین ئەنجامدەرانی ئەو کارە قێزەوەنە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و ئەنجامەکەشی بۆ خەڵک و میدیاکان ڕوون و ئاشکرا بکرێت."
لە کۆتایی هەواڵەکەدا، ڕێکخراوی پەیامنێران هۆشداری دەداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و داوا دەکات، جارێکیتر ڕێگە نەدەن حاڵەتی لەمشێوەیە دەرحەق بە ڕۆژنامەنووسانمان لە سنووری هەرێمی کوردستان دووبارە بێتەوە، بۆ ئەوەی ژینگەی کاری ڕۆژنامەوانی پارێزراو بێت.


وەڵام بدەوه