وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان: پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە و مەرج نییە بۆ یەکێتی بێت
ئەمڕۆ یەکشەممە، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی حزبەکەی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئاشکرا کرد.
مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ماوەی ساڵێک زیاتر بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، بەر لە هەڵبژاردنی عێراق لەگەڵ یەکێتی لە زۆر بواردا ڕێککەوتبووین، داواشمان کرد کە بابەتی عێراق تێکەڵ بە هەرێمی کوردستان نەکرێت چونکە دوو پرسی جیاوازە.
ئێستا لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا دەبێت ڕەچاوی ئەوە بکرێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان چەند متمانەی بەو هێزانە داوە بەشی ئەوەش بەرپرسیارییان پێبدرێت.
لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ گفتوگۆمان کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت بەڵام داواکارییان هەبوو نەدەکرا جێبەجێ بکرێت، ئێستا چاوەڕێ هەڵوێستی نوێ و گۆڕانکاری ئەو حیزبەین.
- پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کوردە و مەرج نییە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت، لەوبارەوە گفتوگۆ دەکەین و ڕێککەوتن لەبارەیەوە پێویستە.
مەرجی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئەوەیە، دەبێت ئەو لایەنانەی پێکهێنەری سەرەکین باوەڕیان بە دەستوور و جێبەجێکردنی بنەماکانی هاوبەشی هەبێت و بەبێ جیاوازی حکومەت لە خزمەت هەموو چین و توێژەکاندا بێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت پەرلەمان و حکومەت کارا بکرێت، هەر لایەنێک ئامادەبێت بۆ ئەو پرۆسەیە گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین.


وەڵام بدەوه