بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر رایگەیاند: شەوی ڕابردوو پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک راگیرا، بەڵام سەرەتای مانگی داهاتوو کارا دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 21ی تشرینی دووەمی 2025، سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردوو کاتژمێر 12ی شەو، فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک راگیراوە، بەڵام سەرەتای مانگی 12 کارا دەبێتەوە و تایبەتمەندییەکانی ناو گۆڕین و زیادکردنی ناوی منداڵ زیاد دەکرێن.
سەبارەت بە وەستاندنی سیستەمەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر گوتی: وەزارەتی بازرگانی عێراقییان لە کێشەکە ئاگادار کردووەتەوە و پێیان راگەیاندوون کێشەکە لە زۆرینەی شارەکان هەیە و پەیوەندی بە سیستەمی پارەدانی دیجیاڵی بانکی ناوەندییەوە هەبووە.
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاشکراشی کرد، سەرەتای ساڵی نوێ تایبەتمەندییەکانی هاوسەرگیری و گواستنەوە لەناو فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک کارا دەکرێن.
سیامەند نانەکەلی، راشیگەیاند: سەرقاڵی کرینی پێداویستی بۆ ئەوەی لەمەودوا داتامان ئامارەکانی تایبەت بە پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆراک لە هەولێر تۆمار بکرێن و چیدیکە پێویست نەکات رەوانەی بەغدای بکەن.


وەڵام بدەوه