Kurdistan Press - سەرۆک بارزانی پارتی مەرجی هەیە سەرۆک بارزانی پارتی مەرجی هەیە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سەرۆک بارزانی پارتی مەرجی هەیە

رۆژی یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز عرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەکەدا باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو سەرکەوتنە مەزنەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستی هێنا کە زیاتربوو لە یەک ملیۆن دەنگ. هەروەها هیوای خواست کە پڕۆسەی سیاسیی دوای هەڵبژاردن لە عێراق رێچکەی خۆی بگرێت لەپێناو پێکهێنانی حکومەتێکی فیدڕاڵی بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکان.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی بەڕێز باڵیۆزی بریتانیای کرد و رایگەیاند کە سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە بۆ پارتی دروستکران، بەڵام بە متمانەی بەهێزی گەلی کوردستان، پارتی توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت. هەروەها سەرۆک بارزانی قۆناخی دوای هەڵبژاردنی بە گرنگ وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە عێراق و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور، هەموو لایەنە سیاسییەکان بە جددی کار لەسەر ئەم پرسە بکەن و لێکنزیک ببنەوە و ئەزموون لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرن.

هەروەها سەرۆک بارزانی رایگەیاند، پەیوەست بە پارتی و هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی دەستوور دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و ڤیتۆمان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە، لای ئێمە خالی گرنگ ئەوەیە هەر کەس و لایەنێک بڕوای بە فیدڕاڵی تەواو هەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها بڕاویان بە جێبەجێکردنی دەستوور و دەرکردنی یاسا بۆ ئەو برگانەی لە دەستووردا هاتوون و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە لەسەر بنەمای دەستوور دەرکراون هەبێت کە تا ئێستا جێبەجێنەکراون، وەکو یاسای ئەنجوومەنی ئیتحادی و یاسای نەوت و گاز. هەر کەس و لایەنێک پابەندبێت بەجێبەجێکردنی دەستوور نزیکترین کەس و لایەن دەبێت لە ئێمە و لە هەرێمی کوردستان.

پەیوەست بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئێمە هەموو نەرمییەکمان نواند، پێشتریش ڕامانگەیاندبوو کە مەرج نییە ئەو هەڵومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبوو دوای هەڵبژاردن بمێنێت، بەڵام گرنگە دەرگاکانی گفتوگۆ کراوەبن تا بتوانین بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین. لەسەر پرسی یەکڕیزی کورد لە بەغدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە بنەمای یەکڕیزیی کورد لە بەغدا ئەوەیە کە باوەڕێکی هاوبەشمان هەبێت لەسەر پرسە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەر بابەتی فیدڕالییەت و پابەندبوونی بەغدا بە تەواوی بڕگەکانی دەستوور.

پەیوەندییەکانی نێوان بریتانیا لەگەل هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوون، هەردوولا هاوڕابوون لە گرنگی بەردەوامی ئەو پەیوەندییانە و بەرەوپێشبردنی لە هەموو بوارەکاندا.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه