دوای هەڵبژاردن پارتی كێشە ئیدارییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا یەكلا دەكاتەوە، چیتر هیچ دەرفەتێك بەبەغدا نادات درێژە بەفشاری ئابووری بۆ سەر خەڵكی كوردستان بدات.
سەرچاوەیەكی باڵا لە مەكتەبی سیاسیی پارتی، رای گەیاند، دوای هەڵبژاردن و دەركەوتنی پێگەی هێزەكان، پارتی بەرژدی كۆتایی بە هاتن و نەهاتنی مووچە و بابەتە داراییەكانی هەرێم لەگەڵ ئەو هێزانە دێنێت كە حكوومەتیان لەگەڵ پێكدەهێنێت.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، پارتی ئەمجارە لە بەغدا مەرجی سەرەكیی ئەوە دەبێت، چارەسەری كێشە داراییەكانی هەرێم بكرێت و پێداگریش لەسەر مادەی 140 و ئەو ناوچانەی كێشەیان لەسەرە دەكات.
پارتی لە هەڵمەتی ئەمجارەی هەڵبژاردن هەموو ئامادەكارییەكی بۆ ئەوەبوو زۆرترین دەنگ بێنێت، بەقورساییەكی گەورەوە لە بەغدا بەرانبەر هێزەكانی تر بوەستێت تا چارەسەری كێشەكانی هەرێم یەكلا بكاتەوە.
حكوومەتی هەرێم هەموو ئامادەكارییەكانی بۆ دابەشكردنی مووچە كردووە و لیستی مووچە و میزان موراجەعە ڕەوانە كراون. ئەوەی لە بەغدا بەرانبەر هەرێمی كوردستان دەكرێت، سیاسییە و ستەمە بەرانبەر خەڵكی كوردستان، پارتی نیازی هەیە ئەمجارە دوای هەڵبژارن ئەم باسانە لەگەڵ بەغدا كۆتایی پێ بێنێت، چیتر هیچ كەس و لایەك یاری بە قووتی خەڵكی كوردستانەوە نەكات.
هەروەها یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە، پاش هەڵبژاردن ڕاستەوخۆ شاندێكی هەولێر دەچێتە بەغدا. ئاماژەی بەوەش كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی پێشان داوە، 120 ملیار دیناری تر وەك داهاتی نانەوتیی هەرێم بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەڵام بەرپرسانی بەغدا كەمتەرخەمن و هیچ باكیان بە قووتی خەڵكی كوردستان نییە.
سوودانی لە ماوەی سێ ساڵدا وەك سەرۆك وەزیرەكانی تری پێش خۆی، فشارە داراییەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەردەوام كرد، هاوكات یارییەكی دەست پێ كرد كە بریتی بوو لە پێوەندیی ئاسایی لەگەڵ هەرێم، بەڵام كێشە داراییەكانیش وەك خۆیان بەردەوام بن، بۆیە ئەمجارە پارتی لە كاتی پێكهێنانی حكوومەت، ئەم باسانە دەبڕێنێتەوە و بە بەرپرسانی شیعە دەڵێت: چیتر ئەوە قبووڵ ناكەین تا كۆتایی بەم كێشانە نەهێنن، لەوە زیاتریش چاوەڕێ ناكەین.


وەڵام بدەوه