لە ماوەی دووڕۆژی ڕابردوودا بە داخەوە، تێبینیمان کرد کە لایەنێکی سیاسی دوور لە ئاکار و پرنسیب هەوڵیان داوە ناوی (کاک نادر هەورامی و بنەماڵەکەی) بۆ مەبەستێکی نەخوازراو لە دەرەوەی ویستی ئێمە بە خراپ بەکار بهێنن، سوودیان لە خزمێکی ئێمە وەرگرتووە کە تووشی کێشەی تەندروستیی و لەدەستدانی یادەوەریی بووە، و هەر ئەم کەسەشیان بەکارهێناوە بۆ نیشاندانی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بۆ پشتیوانی لە حزبێکی سیاسی.
ئێمە بە ڕوونی ڕایدەگەیەنین: "چەند کەسێک لەو کەسانە هەر ناشناسین کە لە ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەون". بۆیە ئەوەی کراوە کردەوەیەکی سیاسی نییە؛ ئیستغلالکردنی دۆخی تەندروستی مرۆڤە بۆ بانگەشەکردنی سیاسی، کارێکی ناسیاسی و نا ئەخلاقییە.
ئەم کردەوەیە ئیفلاسی ئەنجامدەرانی ئاشکرا دەکات. کاتێک هێزێکی سیاسی ئامانجی نیشتیمانی نییەو لەمەیدانی خزمەت و بانگەشەدا ڕووبەڕووی بێچارەیی بۆتەوە، ئیتر پەنا بۆ کاری نەشیاو دەبات، ئەم هەنگاوەیان بەتایبەتی لە هەڵەبجەو هەورامان لەدەستدانی ئا ڕاستە و ئامانج و متمانەیان پشتڕاست دەکاتەوە. حیزبێک کە بەڕاستی باوەڕی بە پەیامەکەی هەبێت، هەڵمەتەکانی لەسەر فێڵ و ئازاری ئەوانی تر بنیات نانێت.
مێژووی ماڵباتەکەمان کاڵای هیچ بازاڕێکی سیاسەت نییە و بەشێکە لە میرات و سەروەی نەتەوەکەمان و زنجیرەیەکە لە ڕێبازی پیرۆزی کوردایەتی ڕێبازی بارزانی. لە سەرەتای ڕۆژانی شۆڕشی ئەیلولی مەزنەوە تا شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕین، نادر هەورامی و هەڤاڵانی لە هەڵەبجە و هەورامان و تەواوی کوردستان بە بوێری و پرەنسیپەوە ئاڵای بەرخۆدانیان هەڵگرت. قوربانیدانەکانیان ئاماژەی ڕەمزی نەبوو بەڵکو بەشداریی ڕاستەقینە بوو بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و بۆ دیدگای هەمیشەیی بارزانی، ئەمڕۆش کوڕ و کەس و کارو دڵسۆزانی درێژەپێدەری ڕێبازەکەین.
ئیستغلالکردنی میراتێکی لەو شێوەیە لە ڕێگەی شانۆیەکی هەڵبەستراوەوە، سووکایەتیکردنە بە یادەوەری هەر شەهید و تێکۆشەرێک کە کەرامەتی ئەم میللەتەی بنیات ناوە. هەوڵێکی بێ ئومێدانەی ئەو کەسانەیە کە زمانی شیاوی خزمەتی گەل وخاکی کوردستان و ئیعتباری خەباتی ڕاستەقینەیان نییە. بزووتنەوەیەک کە متمانەی بە بیرۆکەکانی هەبێت، بە قسە و کردار لەبەردەم خەڵکدا دەوەستێت نەک بە کەتنی کۆمەڵایەتی.
ئێمەی بنەماڵەی نادر هەورامی لە ڕێبازی مێژوویی خۆماندا، ڕێبازی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ڕێبازی قوربانیدان و دەستپاکی و دڵسۆزی بۆ نەتەوەی کورد بە یەکگرتوویی و چەسپاوی دەمێنینەوە. قەناعەتەکانمان ڕەگ و ڕیشەی لە مێژوو و ویژداندا هەیە؛ هیچ پڕوپاگەندەیەک ناتوانێت بیهەژێنێت.
خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان ڕاستییەکان دەزانن. دەزانن کێ بەرگری لە خاکەکەیان کردووە و ئێستا کێ بازرگانی بە مێژووەکەیەوە دەکات. ئەگەر ئەم جۆرە ڕەفتارانە ڕوونترین نیشانەی ئیفلاسی سیاسی و ئەخلاقی نەبێت، ئەوا چییە؟
بەوکەسانەیش دەڵێین کە لە پشت ئەم کارەوەن،
با لەبیریان بێت کە مێژوو سەروەری بۆ ئەو کەسانە دەپارێزێت کە بە دەستپاکی مامەڵە دەکەن نەک بۆ ئەوانەی سیاسەتەکانیان لەسەر ناڕاستی بنیات دەنێن.
لەگەڵ ڕێزدا
سەرباز هەورامی
4\11\2015


وەڵام بدەوه