کارەبای سەنتەری شاری ڕانیە لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی بووە 24 کاتژمێری و نزیکەی 30 هەزار هاوبەش لێی سوودمەند دەبن و زیاتر لە 100 مۆلیدە دەکوژێندرێنەوە.
ئەمڕۆ دوو شەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەنتەری شاری ڕانیە ڕاگەیاند.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەشی بەوەداوە، ئەمە بە واتای ئەوە دێت ئەمشەو بۆ هەموو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین نزیکەی 135,000 هاووڵاتی کارەبای بەردەوامی نیشتمانیان بۆ دابین دەکرێت وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.
باسی لەوەش کردووە، لە چوارچێوەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، زیاتر لە 100 مۆلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان دەکوژێندرێنەوە.
ڕۆژی پێنج شەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەندبوون.
وەزارەتەکە ئاماژەشی دابوو بەوەی، لە چوارچێوەی ئەم هەنگاوەش سەنتەری هەر دوو شاری سۆران و زاخۆ کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین دەکرێت لەڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی و ئامادەکارییەکان دەستییان پێکردووە بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام لە ئیدارەی ڕاپەڕین.
                            
                                
                                
                                
وەڵام بدەوه