رۆژی دووشه‌ممه 20ی تشرینی یەکەمی 2025 له شاری هه‌ولێر، سه‌رۆك مەسعود بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی زانكۆ، نووسه‌ران ، رۆژنامه‌نووسان، ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان و وه‌رزشوانانی كوردستان كۆبووه‌وه.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی وتاریكی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد و خۆشحاڵیی خۆی به‌و كۆبوونه‌وه‌یه ده‌ربڕی و باسی له ره‌وشی ئێستا و بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد . له‌وباره‌یه‌وه سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند هه‌ڵبژاردن پڕۆسه‌یه‌كی دیموكراسییه و گه‌ل ده‌بێ خۆی بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات و به ئازادانه نوێنه‌رانی خۆی هه‌ڵبژێرێت. هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه به نسبه‌تی ئێمه، هه‌ڵبژاردن مه‌سه‌له‌یه‌كی مه‌بده‌ئییه و بڕوامان پێیه‌تی، له كاتی راپه‌ڕین له مانگی ئاداری ساڵی 1991 له كۆیه من ئه‌و كات داوام كرد كه هه‌ڵبژاردن بكرێت، بۆیه به نسبه‌ت ئێمه شتێكی مه‌بده‌ئییه . هه‌روه‌ها رایگه‌یاند یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئازاد له 1992 له كوردستان ئه‌نجام درا و بووه بناغه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێن، له عێراقیش بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا له ساڵی 2005 یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئازاد كرا دوای ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر ده‌ستوورێك بۆ ئه‌م وڵاته رێككه‌وتین.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی سه‌رباری خستنه‌ڕووی تێبینییهكانی له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن له عێراق دوای ساڵی 2010، رایگه‌یاند له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی به‌شداری له هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین. سه‌رۆك بارزانی هیوای خواست ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی عێراق بكه‌وێته سه‌ر ڕێی راست و كار به ده‌ستوور بكرێت.
له‌باره‌ی خه‌بات و قوربانیدان و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند له ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێم كه‌س منه‌تی به ئێمه نه‌كردووه و كه‌سیش ناتوانێت منه‌ت له‌سه‌ر ئێمه بكات، ئه‌مه به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدانه، به‌رهه‌می فرمێسكی دایكی شه‌هیدانه، به‌رهه‌می ره‌نجی ئه‌م میلله‌ته‌یه.
هه‌ر له وتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆك بارزانی باسی له قۆناغی عێراقی نوێی دوای 2003 كرد و رایگه‌یاند له دوای 2003 ئێمه به ئیراده‌یه‌كی به‌هێز و نیه‌تێكی زۆرزۆر پاك چووینه به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی عێراقێكی تازه دروست بكرێت و هه‌موو هه‌وڵێكمان دا تا گه‌یشتینه 2005 و ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه ئێستا هه‌یه. سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند ئه‌و ده‌ستووره ئه‌وه نیه هه‌موو تموحی ئێمه‌ی تێدا بێت، به‌ڵام ده‌ستوورێكه به‌شی ئه‌وه شتی ئیجابی تێدایه كه ئێمه پێی رازی بین و پشتیوانیی لێبكه‌ین، ئێستاش ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ستووره جێبه‌جێ بكرێت، ده‌ستوورێكی باشه. سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ستووره جێبه‌جێ كرابا، نه له شوێنه‌كانی تری عێراق و نه له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، زۆرێك له‌و كێشانه روویان نه‌ده‌دا. هاوكات سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی ئێمه بینیمان، هێشتا فه‌رهه‌نگی حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی زاڵه به‌سه‌ر بیركردنه‌وه له به‌غدا، جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه‌متر له ده‌ستوور قبوڵ ناكه‌ین.
سه‌باره‌ت به بابه‌تی نه‌وت و رێككه‌وتنی ئێستای سێقۆڵی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵ و كۆمپانیاكانی نه‌وت، سه‌رۆك بارزانی هیوای خواست ئه‌م رێككه‌وتنه سه‌ربگرێت و ببێته بنه‌مایه‌ك بۆ یاسای نه‌وت و گاز و ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت. هه‌روه‌ها له‌باره‌ی مافی ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه ئه‌و مافانه ئه‌مانه‌تێكن خوێنیان بۆ دراوه و هه‌زاران رۆڵه‌ی ئازیز خوێنیان بۆ ڕشتووه.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی بڕینی بودجه و موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان رایگه‌یاند، لای من و له لای هه‌موو كوردێكی دڵسۆز و ئه‌وه‌ی كه‌مێك ویژدانیشی هه‌بێت، ئازاری نانبڕینی خه‌ڵكی كوردستان كه‌متر نه‌بووه له ئه‌نفال و كیمیاباران.
سه‌رۆك بارزانی له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا رووی له ئاماده‌بووان كرد و پێی راگه‌یاندن، چۆن پێشمه‌رگه تیرۆریستانی داعشی تێك‌شكاند، ئێوه‌ش به پێنووس و هزر و بیری خۆتان، به هه‌وڵ و ماندووبوونی خۆتان ده‌بێ شه‌ڕی ئه‌و فه‌رهه‌نگه نامۆیه بكه‌ن كه خه‌ریكه له كوردستان بڵاوده‌بێته‌وه كه تاكی كورد بڕوای به‌خۆی نه‌مێنێت و گه‌نجی كورد سۆز و ئینتیمای بۆ نیشتمانه‌كه‌ی نه‌مێنێت.
سه‌رۆك بارزانی هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه دا کە هه‌وڵ ده‌درێت نه‌هێشتنی بیری نه‌ته‌وه‌یی و نائومێدی له‌ناو میلله‌تی ئێمه‌دا بڵاوبكه‌نه‌وه، ئه‌و فه‌رهه‌نگه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی كه ئێمه هه‌مانه و شانازی پێوه ده‌كه‌ین كه پێكه‌وه‌ژیانه، خه‌ریكه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئه‌م فهرههنگهش نه‌هێڵن، بۆیه ده‌بێ هه‌مووان ڕووبه‌ڕووی ئه‌م پیلانه ببنه‌وه و نه‌هێڵن سه‌ربگرێت .
هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی باسی له پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستان كرد له بواره‌كانی په‌روه‌رده، خوێندنی باڵا، ئاوه‌دانی، كاره‌با، رێگه‌وبان و دروستكردنی به‌نداو و پۆنده‌كان. باسیشی له گرنگی و بابه‌خی پاراستنی ژینگه و ژینگه‌پارێزی كرد و داوای كرد هه‌موو لایه‌ك هاوكار بن له زیاتر به‌ره‌وپێشبردنی ژینگه‌پارێزی و پاراستنی سروشتی كوردستان . سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به گرنگیی دروستكردنی به‌نداوه‌كان كرد و رایگه‌یاند دروستكردنی ئه‌مانه كاریگه‌ریی زۆریان هه‌یه له پاراستنی ئاو و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئاو له داهاتوودا و ده‌بێ كارێك بكه‌ین خه‌ڵكی كوردستان تووشی كێشه‌ی بێ ئاوی نه‌بێت و ده‌بێ سیاسه‌تێكی راست و دروستی به‌ڕێوه‌بردنی ئاو هه‌بێت .
له‌باره‌ی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، سه‌رۆك بارزانی داوای كرد كه هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه به ئارامی و هێمنی و دوور له توندوتیژی به‌ڕێوه‌بچێت و نابێ رێگه بدرێت هیچ شتێكی خراپ رووبدات، هه‌ر كه‌سێكیش ئازاده بانگه‌شه‌ی خۆی بكات و ده‌نگ به كێ ده‌دات. راشیگه‌یاند سیاسه‌تی پارتی و سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه كه بیر له‌وه بكاته‌وه ژێرخانێكی ته‌واو له هه‌موو بواره‌كاندا بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو بنیات بنێت و ده‌بێ كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێت كه له خزمه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه بۆ ئه‌وه‌ی ئایینده‌یه‌كی خۆش و گه‌ش و ته‌ندروست بۆ میلله‌ته‌كه‌مان ده‌سته‌به‌ر بكرێت.
له‌باره‌ی ره‌وشی ناوخۆی كوردستان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند له دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن داوامان له هه‌موو لایه‌نه‌كان كرد حكوومه‌تی بنكه فراوان دروست بكرێت، به‌ڵام هێندێكیان نه‌هاتن و هەندێكیان گوتیان ده‌بینه ئۆپۆزسیۆن، ئه‌مه مایه‌وه له نێوان پارتی و یه‌كێتی. سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی كاری حكوومه‌ت رێككه‌وتنی زۆر باش كراوه و به‌رنامه‌یه‌كی زۆر رێكوپێكه، پێویسته ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌به‌رچاو بگیرێت و هه‌ر لایه‌نه به پێی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردنی خۆی پۆست وه‌ربگیرێت و هیوای خواست كه له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش رێككه‌وتن بكرێت و بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكبهێنرێت.
وەڵام بدەوه