ئەمڕۆ سێشەممە 10/14، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە ئێمە خوازیاری ئەوەین باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بەشە بودجەی تایبەت بە هەرێم لە بودجەی گشتيی عێراقدا. گوتیشی هیوادارین ڕێککەوتنی ئەم دواییەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا.
باڵیۆزی فەرەنسا دەستخۆشی پڕۆژە چاکسازییەکانی لە سەرۆکی حکومەت کرد و ستایشی گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە ئەنجامدانی پڕۆژەی تایبەت بە ژینگەپارێزی کرد.
هەروەها باسی لە سەردانی چاوەڕوانکراوی ئیمانوێل ماکڕۆن-ی سەرۆک کۆماری فەرەنسای بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە مانگی دوازدەی ئەمساڵدا کرد.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا.
وەڵام بدەوه