سەرۆک بارزانی پێشوازی لە جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا دەکات
رۆژی دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا (سی ئای ئەی) کرد.
لە دیدارەکە دا بەڕێز جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس خۆشحاڵیی خۆی بە دووبارە دیتنەوەی سەرۆک بارزانی نیشاندا، ئاماژەی بەوەدا کە دواهەمین جار سەرۆک بارزانی بینیوە لە بەرەکانی جەنگ لە سحێلا بووە لە ساڵی 2016. هەروەها ستایشی ڕۆلی بەرچاوی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد کە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و لەپێناو بەدیهێنانی ئارامی و دیموکراسی و پێکەوەژیان، ڕووبەڕووی ئەو گرووپ و رێکخراوە تیرۆرستیانە بوونەوە کە دوای ساڵی 2003 لە عێراق سەریانهەڵدا و بونە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە و جیهان.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی بەڕێز جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆسی کرد و هەروەها سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکای کرد کە ڕۆلێکی بەرچاویان بینیوە لە پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە دیکتاتۆرییەت و دوای ئەوەش پاڵپشتییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق، سەرۆک بارزانی جەختی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستووری هەمیشەیی عێراق کردەوە کە ڕێگەی چارەی یەکجارییە بۆ رزگاربوونی عێراق لەو تەنگەژە سیاسییانەی کە تێیدایە و هیوای خواست هەموو لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بەدوای چارەسەری گرفتەکانەوەبن و واز لە تۆڵەسەندنەوە و ڕق و کینە بەرانبەر بە یەکتری بێنن. هەروەها سەرۆک بارزانی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007ـی بە نموونە هێنایەوە کە ئەگەر ئەوکات پەسەند و جێبەجێ کرابا، لە ئێستادا هیچ گرفتێکی یاسایی لەبارەی نەوت و گاز نەدەبوو و جەختیشی لە دوایین رێککەونتی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق کردەوە لە بارەی نەوت گاز و بە ئەرێنی وەسفیکرد و هیوای خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە بناخەیەک بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە گشتی و دۆخی سوریا و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتیی لە تورکیا خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
وەڵام بدەوه