لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران دەروازەیەکی هاوچەرخ لە قوشتەپە دروست دەکرێت
بژار مەلا خدر، قایمقامی قەزای قوشتەپە ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، لە وتارە مێژوویەکەیدا لە کاتی دانانی بەردی بناغەی ئاوی قوشتەپە، یەکێک لە ڕاسپاردەکانی پێداچوونەوە بوو بە ڕێگاوبانی سنوورەکە.
گوتیشی: دوای نۆ مانگ کارکردنمان لەسەر ڕاسپاردەکە، ئێستا جوانترین دەروازە لەسەر ئاستی عێراق جێبەجێ دەکرێت، ئەویش پرۆژەی پێداچوونەوەیە بەو پێنج کیلۆمەترەی دەکەوێتە سنووری شارەوانی قوشتەپە، کە ئەو دووسایدە ئێستا مەرجی سەلامەتی تێدا نییە، هیچ جوانکارییەکیشی تێدا نییە، هەروەها جێگەی نیگەرانی زۆری خەڵکی سنوورەکەش بووە.
بژار مەلا خدر، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواو بوونی ئەم پرۆژەیە کە ماوەی نۆ مانگە لەلایەن تیمی ئەندازیاریی خۆماڵی کاری لەسەر کراوە، دەروازەیەکی پێشکەوتوو و مۆدێرن دروست دەکرێت، بەمەش تەنیا سوود لە شەقامەکە وەرناگیرێت، بەڵکوو هاووڵاتیان سوود لەو پانتاییە سەوزاییەش وەردەگرن کە وەکوو نیمچە پارکێک دروست دەکرێت و سەرجەم مەرجەکانی سەلامەتی تێدایە.
قایمقامی قەزای قوشتەپە دەشڵێت: ئەوەی سەرۆک وەزیران لە 17-9-2024 باسی کرد، ئێمە پاکێج پاکێج کاری لەسەر دەکەین، ئەو ناوچەیە دەمێک بوو لە خمەتگوزاری بێبەش بوو بەڵام سەرۆک وەزیران پاڵپشتی خەڵکی ناوچەکە دەکات.
وەڵام بدەوه