مەلا بەختیار لەبارەی ژەهرخواردنەكەی هاتە دەنگ و رای گەیاند، هاوڕێكانم لەناو یەكێتی هەوڵیان دا بەژەهر لەناوم بەرن. گوتیشی لە ژیانمدا هەشت جار هەوڵی كوشتنم دراوە.
مەلا بەختیار لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "الشرقیە نیوز" رای گەیاند: بەداخەوە هاوڕێكانم بە ژەهرێك كە كاریگەرییەكەی بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بوو، هەوڵی كوشتنیاندام.
كەناڵەكە لێی پرسی وردەكاریی ئەو رووداوە چۆن بوو، ئەو سیاسییە كوردە گوتی، نامەوێت بچمە ناو وردەكاریی ئەو باسە، كاتێكی گونجاو هەڵدەبژێرم بۆ قسەكردن لەسەر وردەكاریی ئەو پرسە.
لەبارەی چۆنیەتیی ئاشكراكردنی ئەو پرسە مەلا بەختیار گوتی، كەسێكی خاوەن ویژدان لەناو ئەو دامەزراوەیەی كە تاوانەكەیان ئەنجام دا، ئاماژەی دابوو بە هاوڕێیەكم لە لەندەن، لەوێوە پێیان گوتم پشكنین بكە دۆخەت زۆر مەترسیدارە، جارێك دووجار فەرامۆشم كرد، بۆ جاری سێیەم زۆریان لێ كردم، ناچار بووم گەشت بۆ عەمان بكەم .
ئاماژەی بەوەش كرد، پادشای ئوردن زۆر هاوكاریی كردین و بەزووترین كات پشكنینی تەواویان بۆ كردم، ئەنجامەكەیان دامەوە و گوتیان بڕۆ ئەڵمانیا و فریای خۆت بكەوە و دۆخت مەترسیدارە.
دوای ئەوە ناچار چوومە ئەڵمانیا، لە نەخۆشخانە 19 رۆژ لە ژووری نەشتەرگەری بووم و باڵوێزی عێراق راپۆرتی وردی لەبارەی تەندروستیم و نەشتەرگەرییەكەم بۆ وەزارەتی دەرەوە نووسیوە، گوتیان ئەو ژەهرە دوای شەش مانگ دەتكوژێت.
ساڵی 2021 كاتێك هەواڵی ژەهرخواردنەكەی مەلا بەختیار بڵاو كرایەوە، نووسینگەكەی رای گەیاند، ھیچ كاتێك چاوەڕێی ئەوەمان نەدەكرد مەلا بەختیار لەناو یەكێتییەوە ژەھرخوارد بكرێت، چونكە ھەڤاڵ مەلا بەختیار، ھەموو تەمەنی خۆی بە یەكێتی بەخشیوە و بیرمان لەوە نەدەكردەوە لە ڕێگەی حزبەكەی خۆیەوە، بەشێوەیەكی ترسنۆكانە ھەوڵی لەناوبردنی بدرێت، بەڵام ئەگەر ئەو كەسەی لەسەر كەیسی ژەهرخواردكردنی مەلا بەختیار نەچێتە بەردەم دادگا، ئەوا ھەڵوێستی ترمان دەبێت، چونكە ئەوە خیانەتە و بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكەین.
وەڵام بدەوه