Kurdistan Press - سەرۆك بارزانی: : فەرەنسا بە درێژایی مێژوو هەڵوێستی دۆستایەتیی بەرانبەر بە گەلی کوردستان هەبووە سەرۆك بارزانی: : فەرەنسا بە درێژایی مێژوو هەڵوێستی دۆستایەتیی بەرانبەر بە گەلی کوردستان هەبووە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سەرۆك بارزانی: : فەرەنسا بە درێژایی مێژوو هەڵوێستی دۆستایەتیی بەرانبەر بە گەلی کوردستان هەبووە

سەرۆک بارزانی لە پاریس پەردەی لەسەر تابڵۆی پێشمەرگە لادا و شەقامی پێشمەرگەی کردەوە

ڕۆژی هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بە ئامادەبوونی خاتوو ئان هیدالگۆ سەرۆکی شارەوانی پاریس و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری و کەسایەتی و ڕۆشنبیرانی وڵاتەکە و شاندی پارێزگای هەولێر و پێشمەرگە دێرینەکان و کوردانی دانیشتوی ئەوڕوپا و فەڕەنسا لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، پەردەی لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادا و شەقامی پێشمەرگەی کردەوە، هەر لەو ڕێوەڕەسمەدا سەرۆکی شارەدارێتی فەڕەنسا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕۆلی پێشمەگە و هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند، دواتر سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بۆ پاریس و ناونانی شەقامێک بە ناوی پێشمەرگە دەربڕی. سەرۆک بارزانی دوای وتارەکەی لە پاریس مەدالیای ڕێزلێنانی دایە بریندارێکی شەڕی دژی داعش.

هەر لە ڕێورەسمەکەدا سەرۆک بارزانی و خاتوو ئان هیدالگۆ سەرۆکی شارەدارێتی پاریس و بەرێز فلیپ گوژۆن، پێشانگایەکی وێنەیان بەسەرکردەوە کە بریتی بوو لە نمایشی چەند وێنەیەک کە پانوڕامای مێژووی خەباتی پێشمەرگایەتی بوو لە سەردەمی شۆڕشەوە تاوەکوو ئێستا، هەروەها هونەرمەندی کورد شڤان پەروەر چەند گۆرانییەکی پێشکەش کردن و لە کاتی هەڵدانەوەی پەردە لەسەر تابڵۆی ڕێگای پێشمەرگە، ژمارەیەک لە پێشمەرگە دێرینەکان وێنەی یادگارییان لەگەڵ سەرۆک بارزانی چرکاند.

دەقی گوتاری سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ڕێگەی پێشمەرگە لە پاریس

بە ناوی خودای مەزن

بەڕێز خاتوو هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، پڕ بە دڵ سوپاسی جەنابت و ئەنجومەنی شارەوانیی پاریس و سەرۆکی شارەوانیی 15ی پاریس دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم ڕێوڕەسمە گرنگ و مێژووییە. ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە لە مێژووی گەلی کوردستاندا.

فەرەنسا بە درێژایی مێژوو هەموو کات هەڵوێستی مرۆڤایەتی و دۆستایەتیی بەرانبەر بە گەلی کوردستان بووە و لە سەردەمی ژێنراڵ دیگۆل تا ئەمڕۆ هەموو کات فەرەنسا پشتیوانی دۆزی گەلی کوردستان بووە و یەکەم وڵات بووە ڕێگەی داوە ئەنستیتۆی کوردستانی لە پاریس بکرێتەوە. لێرەدا منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی تۆ و سوپاسی کاک کەنداڵ دەکەم  بۆ ئەو خزمەتە مەزنەی بە خەڵکی کوردستانی کردووە و بۆ نزیک بوون و دۆستایەتی لە نێوان هەردوو گەلی کوردستان و فەرەنسا.

ڕۆژێکی خۆشە و دەرفەت بوو لەگەڵ زۆر دۆستی ئازیز یەکتر ببینینەوە.

پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی بەجێ گەیاند. بەڵام ئەو ڕێزەی ئەمڕۆ ئێوە لە پێشمەرگەتان گرت، ئەوە ڕیزگرتنە لە خەباتی پێشمەرگە و ڕێزگرتنە لە دۆستایەتیی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان. جەخت دەکەمەوە کوردستان هەموو کات جێی پێکەوە ژیان دەبێت و پێشمەرگە هەمیشە پارێزەری مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی دەبێت. لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە 12 هەزار قوربانیی لە شەهید و بریندار دا، بەڵام سەروەرییەکی گەورەی بۆ خۆی و میللەتی خۆی تۆمار کرد کە ئەمڕۆ لە پاریس جێیەگی وا گرینگ، باخچەیەک بە ناوی پێشمەرگەوە بکرێت. ئەمە ڕێزگرتنێکی گەورەیە و بە دڵنیاییەوە ئەوە دەڵێم، تا کوردێک مابێ، سوپاسگوزاری گەلی فەرەنسا و شارەوانیی پاریس دەبێت.

جێی خۆشحاڵییە کە بە گۆرینی حکوومەت، هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە دۆزی گەلی کوردستان نەگۆڕاوە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند گۆرانکاریمان بینی؛ سەرۆک هاتن و سەرۆک چوون بەڵام هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە گەلی کوردستان نەگۆرا. یەکەم سەرۆکی ئەوروپا، سەرۆک میتەران، یەکەم سەرۆک بوو کە سیاسییەکی کورد ببینێت ئەویش ساڵی 92 بوو کە پێشوازیی لە من کرد؛ ئەوە بۆ من سەربەرزییەکی گەورە بوو. یەکەم خانم یا کەسێکی ئەوروپی کە من دیتم فرمێسک بۆ قوربانییانی گەلی کوردستان بڕێژێت، مادام میتەران بوو ساڵی 1989 و ئەمە هیچکات لە بیر ناکرێت.

فەرەنسا و پاریس و میللەتی فەرەنسا لە دڵی میللەتی کوردستاندان. بژی پاریس، بژی هەولێر، بژی دۆستایەتی میللەتی فەرەنسا و میللەتی کوردستان. جەخت دەکەم کە پێشمەرگە پارێزەری ئازادی و مافی مرۆڤ دەبن. پێشمەرگە بەشێکی فەرمییە لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق، بەرگری لە هەموو عێراق دەکات لە دژی تیرۆریستان. پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لەسەر ڕۆڵی خۆی کە لەجێی هەموو دنیا دژی تیرۆریستان خەبات بکا و ئەمە شەرەفێکی مەزنە بۆ پێشمەرگە و پێشمەرگە ئەرکی خۆی بە پیرۆزی جێبەجێ کرد. لێرەوە سوپاسی پێشـمەرگەکان دەکەم و سڵاو بۆ ئەو پێشمەرگانە دەنێرم کە ئەم ڕۆژەیان بۆمان وەدی هێنا و ئەم سەربەرزییەیان بۆمان هێنایە ئارا. جارێکی دیکە زۆر سوپاس بۆ هەمووتان و زۆر ڕۆژێکی مێژووییە و هەتا من مابم ئەم ڕۆژەم لەبیر ناچێتەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه