سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاری، فەرمانبەران و مووچەخۆران ئاگادار دەكاتەوە، ئێستا فەرمانبەرانی شارستانیی و سەربازی دەتوان لەرێگەی ئەپی KRDPASS وردەكاری مووچەیان ببینن.
هیوا ئەفەندی، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردسنان، لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە: "لیستی مووچەی مانگی 8ی فەرمانبەرانی شارستانیی و سەربازی بۆ زیاتر لە هەزار یەکەی ژمێریاری لە کۆی هەزار و 189 یەکەی ژمێریاری لە لایەن وەزارەتی داراییەوە لە سیستەمی پەیڕۆڵ پەسەندکراوە."
هیوا ئەفەندی ئاشكراشی كردووە: "فەرمانبەران دەتوانن لە ڕێگای ئەپڵیكەیشنی KRDPass وە وردەکاری مووچەکانتان وەکوو مووچەی بنەڕەتی، دەرماڵەکان و لێبڕینەکان بزانن."
ئەوەشی خستووەتە روو: "هەروەها ئەو مانگانەی کە حکوومەتی فیدڕاڵی پارەی ناردبێت لەوێ ئاماژەی پێکراوە."
پێشتر یادگار جەبار، بەرپرسی بایۆمەتری لە سلێمانی ڕایگەیاندبوو: "ئەو ئەپڵیكەیشنە ئێستا بۆ فەرمانبەرانە، بەڵام لەداهاتوودا بۆ هەموو هاووڵاتییەك دەبێت، بەو مەرجەی كۆدی UPNی هەبێت، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی هەیە ئەو كۆدەی هەیە، نزیكەی دوو ملیۆن و 800 هەزار كەس كۆدی UPNیان هەیە لە بازرگان و پارێزەر و شۆفێر و ئەوەی بچێت بۆ حەجیش دەبێت ئەو كۆدەی هەبێت، بۆیە لەداهاتوودا گشتگیر دەبێت."
ئاماژەی بەوەش دا، ئەپی KRDPASS بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران چەندین زانیاری و خزمەتگوزاری تیایدا بەردەست دەبێت و لەداهاتوودا زیاتر پەرەی پێ دەدرێت.
فەرمانبەران دەتوانن سوودمەندبن لە بینینی لیستی مووچەی مانگانە بە هەموو وردەكارییەكانەوە.
ئەپەكە چەندین خزمەتگوزاری تێدایە، لەوانە: (جزدانی ئەلیكترۆنی و ناسنامەی دیجیتاڵی و زانینی سزای سەرپێچیی ئۆتۆمبێل و چەندان خزمەتگوزاریی دیکە و بڕی مووچە).
ئەپی KRDPASS لەلایەن فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەست كراوە، لە ستۆرەكانی هەردوو سیستمی IOS و Android بەردەستە.
بەرپرسی بایۆمەتری لە سلێمانی باسی لەوەش كرد، لە ئەپڵیكەیشنەكەدا دوای ئەوەی فەرمانبەر بە كۆدی UPNی خۆی داخل دەبێت، چەند خزمەتگوزارییەكی بەردەست دەبێت، لەوانە زانینی مووچەی بنەڕەتی، زانینی دەرماڵەكانی، زانینی كۆی مووچەی مانگانە.
وەڵام بدەوه