لە ڕووبەڕوونەوەیەکی چەکداریدا کە زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٢ی ئاب، هێزەکانمان توانییان ئوتێل لالەزار لەگەڕەکی سەرچناری سلێمانی کۆنتڕۆڵ بکەن و هەموو ئەو چەکدارانە دەستگیربکەن کە ڕووبەڕووی هێزەکانمان بوونەوە.
دوای ئەوەی لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشەوە فەرمانی دەستگیرکردن بەماددەی (٤٠٦) لەیاسای سزادانی عیراقی بۆ داواکراو لاهور جەنگی بورهان و ژمارەیەك داواکراوی دیکە دەرچوو، فەرمانەكە ئاڕاستەی هێزەکانمان كرا، بەڵام دوای هەوڵی زۆری هێزەکانمان بۆ خۆڕادەست بوونی داواکراوان بەیاسا و ئاگادارکردنەوەیان لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ خودی داواکراوان و هەروەها لەڕێگەی بڵندگۆوە بەناونیشانی (هەر کەس خۆی ڕادەست بکات ژیانی پارێزراو دەبێت، دڵنیاتان دەکەینەوە ژیانتان پارێزراوە) بەڵام بەهۆی پابەندنەبوون بە یاساوە و لەسەر زاری خۆیان رایانگەیاند؛ کە میلیشیای چەکداریان هەیە و رووبەڕووی هێزی ئاسایش دەبنەوە کە هێزێکی فەرمی حکومەتی هەرێمە و بەئەرکی خۆیان هەڵدەستن، ئەوان دەستیانکرد بە تەقەکردن لەهێزەکانمان و ڕووبەڕوویان بوونەوە بۆ ئەوەی رێگربن لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی لالەزار.
هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم پرۆسەیە پاڵپشت بە بڕیاری دادگا هەنگاوەکانی نراوون لەپێناو جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن کەلەلایەن بەڕێز دادوەر دەرچووێندراوە، تاکو هیچ تاقم و لادەرێک لە یاساوە نەبێت و ئاسایش و ئارامی پارێزراو بێت وەک هەمیشە.
هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانیان شوێنی مانەوەی تۆمەتباران و ناوچەکە لە لالەزار بەتەواوەتی لەتۆمەتبارانی دەرچوو لە یاسا و میلیشیا چەکدارەکانیان کە هەر شەوی رابردوو خۆیان رایانگەیاند رووبەڕووی هێزە فەرمییەکانمان دەبنەوە، کۆنترۆڵ بکەن.
بەداخەوە لەئەنجامی ڕووبەڕووبونەوەکان (٣) کارمەند لە هێزەئەمنییەکان شەهید بوون و (١٩) کارمەندی دیکەش بریندار بوون، وێڕای پرسەو وسەرەخۆشی و هاوخەمی قوڵمان لەهەمان کاتدا هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
لەئێستادا دۆخی سلێمانی ئارام بووەتەوە و هاووڵاتییان بە ئاسایی لە شەقامەکان هاتووچۆدەکەن ودڵنیایی دەدەین کە؛ ئارامی سلێمانی هێڵی سوورە و ڕێگە بە هیچ تاقم و میلیشیا و گروپێکی لەیاسا دەرچوو نادرێت کە ببێتە هۆکاری تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکەمان و تەواوی تۆمەتبارانی لالەزار بەپێی یاسا دەستگیرکران و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان
وەڵام بدەوه