ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی خێوەتی خۆپێشاندەرانی دەرچووانی زانکۆی گەرمیان لە کۆلێژەکانی خانەقین کرد و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیانی دا.
شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڵێنی پێدان نووسراو بۆ خوێندنی باڵا و ئەنجومەنی راژە بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان و گوتی، ئەم کێشەیە جیدییە، بۆیە دەبێت هەردوو وەزیرانی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و خوێندنی باڵای عێراق کۆببنەوە، بەتایبەتیش لەبارەی ئەو کێشەیەی کە لە هەردوولا دان بە هەندێک زانکۆی یەکدیدا نانێن.
شاخەوان عەبدوڵڵا زیاتر گوتی: بەداخەوە ئەم دەرچووانە بوونەتە قوربانی ئەوەی ناکۆکی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بابەتی دانپێدانەنان بە بەشێک لە زانکۆکانی یەکدی هەیە، قسەم لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای عێراق کردووە و ئامادەکاری هەیە و کۆبوونەوە دووقۆڵییەکە دەکرێت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە.
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە ساڵی 2012ـەوە لە عێراق نزیکەی سێ ملیۆن کەس دامەزرێنراوە، بەڵام هیچ هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە و ئەوەش ناحەقییە کە دەکرێت. گوتیشی: هەرچی دامەزراندنێک لە عێراق دەکرێت نادەستوورییە، ئەقڵیەتی مەرکەزی هەیە و بەشێکیشی بانگەشەی هەڵبژاردنە.
وەڵام بدەوه