شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و مووچەی فەرمانبەران لە بەغدایە. هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی شاندەکە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش کۆدەبێتەوە و پەرلەمانتارێک دەڵێت، ئومێدێکی گەورە هەیە بڕیار لەبارەی ناردنی مووچەوە بدرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا بەڕێوەبچێت. هاوکات، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز دەکات و چاوەڕوان دەکرێت چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە.
لەوبارەیەوە، شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات، وا بڕیارە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت".
شوان کەلاری گوتی: "هیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردنی مووچە نەماوە و ئومێدێکی گەورە هەیە کە بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش بدرێت".
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، شاندی هەرێمی کوردستان پێکدێت لە کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکان و دارایی.
بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەپشت بەستن بە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو شاند، بڕیاری کۆتایی لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات.
وەڵام بدەوه