شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت؛ ئەم ئێوارەیە خۆڵبارین لە هەندێک ناوچە نامێنێت و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیش رایگەیاند؛ "لە ئێوارەوە، کاریگەریی خۆڵبارین لە گەرمیان زیاتر دەبێت".
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئاب، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ "ئەمڕۆ کاریگەرى خۆڵبارین بەردەوام دەبێت و هەندێ کاتدا کەم دەبێتەوە لە هەندێ کاتدا زیاد دەکاتەوە".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە؛ "لە گەرمیان شەپۆڵى خۆڵبارین زیاتر دەبێت و لە زاخۆ و پارێزگاى دهۆک کاریگەرى خۆڵبارین کەمتر دەبێت".
هاوکات، محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند: "بەهۆی چالاکی بای باشوری خۆرئاوا، لە بیابانەکانی سنووری نێوان عێراق و سووریا، تۆز و خۆڵێکی زۆر بەرزبووەتەوە و کاریگەری لەسەر بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان داناوە".
ئەو شارەزایەی کەشناسیی پێیوایە؛ خۆڵبارین ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نامێنێت و دەشڵێت؛ "بەڵام تەپوتۆزێکی سووک تا کۆتایی ئەم هەفتەیە لە ئاسماندا دەمێنێت و پلەی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت".
محەمەد کەمال دەڵیت؛ "پێشبینی دەکەم تا رۆژی چوارشەممە ئاسمانی بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە ناڕوونی و تۆزاوی بمێنێتەوە، بەتایبەت دەشتی کەرکووک و هەولێر و باشوری گەرمیان".
پلەی گەرمای تۆمارکراوی ئەمڕۆی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان
هەولێر : 42 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 40 پلەی سیلیزی
دهۆک : 41 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 44 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 42 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 42 پلەی سیلیزی
سۆران : 40 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 31 پلەی سیلیزی
گەرمیان 44 پلەی سیلیزی
وەڵام بدەوه