لە ئەمڕۆوە هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ دادەخرێت، ئەوەش بەهۆی جێبەجێکردنی کارەکانی ماستەرپلانی گەشتیاریی ئیدارەی سۆرانەوە. قایمقامی سۆران دەڵێت، ساڵی داهاتوو دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 18ی تەممووز؛ رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای سۆران رایگەیاند، "بەهۆی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی نۆژەنکردنەوە، لە ئەمڕۆوە هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ دادەخرێت و کارکردن تێیدا دەستپێدەکات."
قایمقامی قەزای سۆران گوتیشی، "تەواوبوونی کاری ماستەرپلانەکە لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانە و دیزاینەکەی بە شێوازێکی ناوازە و پڕۆفیشناڵ ئامادە کراوە، کە بە تەواوبوونی دەبێتە یەکێک لە جوانترین هاوینەهەوارەکانی ناوچەکە."
لەبارەی کاتی کردنەوەی، رەجەب زوبێر گوتی، "تەواوبوونی کارەکان کاتی زۆری پێویستە؛ رەنگە بتوانین بۆ وەرزی بەهار جارێکی دیکە بیکەینەوە بەڕووی گەشتیاراندا."
سەبارەت بە شێوازی جێبەجێکردنی ماستەرپلانەکە، رەجەب زوبێر گوتی، "جگە لەوەی بەشی ناوەوەی هاوینەهەوارەکە دەڕازێنرێتەوە، سەرجەم ئەو مارکێت و شوێنە زێدەڕۆییانەش لادەبرێن کە دیمەنی جوانیی تاڤگەکە و ناوچەکەیان شاردووەتەوە."
وەڵام بدەوه