لەسەر كێشە و گرفتەكانی كارەبا و ئاو لە گەڕەكەكانی هەولێر و دەرووبەری، پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی كرد و جەخت لە چارەسەركردنیان كرایەوە.
ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە 14ی 7ی 2025، پارێزگای هەولێر لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، كە "بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر، له دیوانى پارێزگا، کۆبونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەریى ئاو و گرفت و کێشەکانى کەمى کارەباى نیشتمانى لە دەورووبەرى شارى هەولێر ئەنجام درا."
کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە چارەسەرییەکانى گرفتى کەم ئاوى لە دەورووبەرى شارى هەولێر، پارێزگارى ههولێر، تیشکى خستەسەر ئەو پلان و بەرنامەڕێژی و پڕۆژانەى کە لە ساڵانى ڕابردوودا بە پاڵپشتی و لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنى کەمئاوى لە تەواوى سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجام دراون و بەهۆیانەوە توانراوە قۆناغى زۆر باش ببڕن و تاڕادەیەکى زۆر گرفت و کێشەکان کەم بووەتەوە، لەوبارەیەشەوە دەستخۆشى لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و هەوڵ و ماندووبوونەکانى بەرز نرخاندن.
پاشان، خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە تەواوبوون و بەکارکەوتنى هێڵى یەکەمى پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و بەستنەوەی پڕۆژەکە بە تۆڕە ناوخۆییەکانى ناوشار، باسی لە گرنگيی پرۆژەكە کرد بۆ سەنتەرى شارى هەولێر، کە بەهۆیەوە بەشێکى دەورووبەرى شاریش لێى سوودمەندن دەبن، بەتایبەتى ئەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە نێوان شەقامی ڕەشکین و تاوەکوو شەقامی کۆیە لە دەرەوەى شەقامى خێراى 120 مەترى، کە لە پێشتردا بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی دووچاری کەم ئاوی هاتبوون و لە ئێستادا ئاو دەگاتە ماڵەکانیان و کێشەی ئاویان نامێنێت.
سەبارەت بە چارەسەرکردنى کێشە و گرفتى کەم ئاویش لە بەشێکى دەورووبەرى شارى هەولێر، پارێزگارى هەولێر جەختى لە دابینکردنى کارەباى 24 کاتژمێرى بۆ بیرەکانى ئاوى پاکى ماڵان کردەوە، هەروەها ناوەندیى قەیرانەکانى پارێزگاى ڕاسپارد لە ڕێگەى تەنکەر ئاویان بۆ دابین بکرێت، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانیشى ڕاسپارد، کە لەلە سنوورى پارێزگاى هەولێر نابێت کەمترین گرفت و کێشەی کەمی ئاو بمێنێت.
پاشان پارێزگارى هەولێر، ڕایگەیاند، بە سوپاسەوە بۆ ئەو مانگەش لە سەر ڕەزامەندى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بڕی (2 ملیار دینار)ی دیکە وەک فریاگوزاریى بۆ چارەسەرکردن و نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەى کەم و کوڕییە تەکنیکیەکان و نەهێڵانى گرفت و کێشەکانى سەرچاوەکانى ئاو تەرخانکراوە، لەوبارەیەشەوە بڕیاریدا بە خەرجکردنى هەر (2 ملیار دینار) بۆ هەریەک لە (بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى هەولێر، بەرێوەبەرایەتیى ئاوى دەورووبەر، بەڕێوەبەرایەتى ئاوى کۆیە)، بۆ چارەسەرکردن و نەهێڵانى ئەو کەموکوڕى و گرفتانەى هەن، جەختیشى له خێڕاترکردنى هەنگاوەکانیان کردەوە و دووپاتى کردەوە کە دەبێت لە زووترین کاتدا ڕێکارى پێویست بگرنەبەر و لە سبەینێوە کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی ئاوی ماڵان.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە کێشەى کەمى کارەبا لە دەورووبەرى شارى هەولێر و ئەو بڕەى کارەبا نیشتمانییەى کە بۆ سنوورى پارێزگاى هەولێر تەرخان کراوە، پارێزگارى هەولێر، جەختى لەوە کردەوە کە ئەگەرچى لەم وەرزەدا گرفتى بار زۆرى هەیە لە سەر تۆڕى کارەبا، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا دەبێت لەلایەن کۆنتڕۆڵ و گەیاندنى کارەباى ناوەندیى هەرێم و وەزارەتى کارەبا، پشکی کارەباى هەولێر وەک ئەوەى کە بەشى شارەکەیە بەبێ لێبڕین و وەکوو خۆى دابین بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەرێوەبەرایەتیى گشتیى کارەباى هەولێر و بەرێوەبەرایەتیى کۆنتڕۆڵ و گەیاندنى کارەباى هەولێرى ڕاسپارد، ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە بە تایبەتى لە دەورووبەرى شارى هەولێر، کە هێشتا پڕۆژەى ڕووناکیان پێ نەگەیشتووە و کارەباى نیشتمانیان نەبۆتە 24 کاتژمێرى، بەشێوەیەکى یەکسان و بەبێ جیاوازیى ئەو بڕە کارەبایە، لەو ناوچانە دابەش بکەن.
جێگەى باسە، هەریەک لە جێگری پارێزگار، یاریدەدەرى پارێزگار، قایمقامى ناوەندیى هەولێر، سەرۆکى شارەوانى، بەڕێوەبەرى گشتیى کارەباى هەولێر، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان، بەرێوەبەرى نووسینگەى پارێزگار، بەڕێوەبەرى کۆنتڕۆڵ و گەیاندنى کارەباى هەولێر، بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر، بەڕێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگا، نوێنەرى بەڕێوەبەرى ئاوى دەورووبەر، بەرێوەبەرى مۆلیدە ئەهلییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون.
وەڵام بدەوه