ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئاشکرای دەکات، 50%ی قەرزی بازرگانان و پیشەوەران لێخۆشبوونی بۆ دەرچووە، جەختیش دەکاتەوە، بە دەیان هەزار کەس لە بڕیارەکە سوودمەند دەبن.
کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ڕاگەیاند: "بڕیارێکی نوێمان داوە، ئەویش لێخۆشبوون بە ڕێژەی 50%لە گشت هاوبەشانی ژووری بازرگانی، لە گشت سێکتەرەکانی بازرگانی، دەلالی، پیشەسازی و کۆمپانیا."
ئاماژەی بەوەش دا، لێخۆشبوونی رسوومات و قەرزەکانی کۆن دەگرێتەوە و ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت و تاوەکوو 1ی8ی2025 دەبێت.
کامەران باجگر جەختی کردەوە: "بڕیارەکە بە ڕەچاوکردنی قەیرانی داراییە، هەروەها حکوومەتی عێراقیش باری سەرشانی بازرگانانی قورس کردووە و ڕێگریی زۆری کردووە، بۆیە ئەو بڕیارە بۆ هاوکاری و کارئاسانییە بۆ هەموو پیشەوەران و بازرگانان."
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئاشکراشی کرد: "بەپێی ئامارەکان، 30 هەزار هاوبەشمان هەیە، بەڵام بەشێوەیەی کردارەکی ژمارەیان 15 هەزارە، چونکە بەشێکیان لە ژیان نەماون، هەموو ئەوانەی ناسنامەی ژووری بازرگانی و پیشەسازییان هەیە بڕیاری لێخۆشبوونەکە دەیانگرێتەوە."
ئەوەشی ڕاگەیاند، چوار پلەبەندی لە بازرگانەکان و پیشەوەران هەن، ساڵانە بۆ نوێکردنەوەی ناسنامەکەیان بڕێک پارەیان لێ وەردەگرین، بازرگانی نایاب 160 هەزار دینار، بازرگانی یەکەم 110 هەزار، بازرگانی پلە دوو 90 هەزار. بازرگانی پلە سێ 55 هەزار."
وەڵام بدەوه