پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی، ڕای گەیاند كە بەهۆی هەوڵە بەردەوامەكانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەی مووچە لە ڕۆژانی داهاتوودا چارەسەر دەبێت، دووپاتیشی كردەوە كە مووچە مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی تەمووز، لە نووسینێكدا بە ناونیشانی "كێشەی مووچە چارەسەر دەبێت" پشتیوان سادق ئاماژەی بەوە كردووە كە قۆناغە ئاڵۆزەكەی ئێستا، زیاتر قۆناغێكی دروستكراوە بۆ ئازاردانی حكوومەتی هەرێم و گەلەكەی. ئەو نووسیویەتی. پێوەنی نێوان هەولێر و بەغدا، چیرۆكی نەتەوەیەكی ئینكارلێكراوە كە لەسەر دەستی دەوڵەتی ناوەندی تووشی جینۆساید و چەوساندنەوە بووەتەوە. دووپاتیشی كردووەتەوە، فیدراڵیزم لە دەستووردا كەمترین ئاستە بۆ مانەوەی كورد لەگەڵ بەغدا.
وەزیری ئەوقاف سیاسەتی برسیكردنی خەڵكی كوردستان لەلایەن بەغداوە بە درێژەپێدەری هەمان "ئەقڵییەتی شاڵاوی ئەنفال" دادەنێت و دەڵێت عێراق ناتوانێت ببێتە وڵاتێكی نوێ ئەگەر چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكان نەكات.
سەبارەت بە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی كوردستان، وەزیری ئەوقاف نووسیویەتی، لە جیاتی ئەوەی وەك ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتانی تر لە كاتی قەیراندا یەکڕیز بن، ئەمان نەك هەر چالاكییەكانیان زیاد كرد، بەڵكو ڕیكلامیان بۆ دەیان بوختان دەكرد و بۆ جارێكیش پەنجەی تۆمەتیان بۆ بەغدا درێژ نەكرد.
هەروەها ڕەخنەی لە ڕۆڵی سۆشیال میدیا گرتووە و دەڵێت. سۆشیال میدیا گرنگی بە ڕاستی نادات و تەنیا لە خولگەی كارادانەوەی كورتخایەندا دەخولێتەوە كە ئامانج لێی چاندنی تۆوی نائومێدی و لاوازكردنی ئیرادەی خەڵكە.
لە كۆتاییدا پشتیوان سادق مزگێنیی ئەوەی داوە كە بە هەوڵی بەردەوامی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان "مەسروور بارزانی"، لەم ڕۆژانەدا كێشەی مووچە چارەسەر دەبێت... فەرمانبەران ئەرکیان لەسەر شانمانە و قەرزاریانین."
وەڵام بدەوه