Kurdistan Press - هۆشیار زێباری سێ کارتی فشار بۆ چارەسەری پرسی مووچە ئاشکرا دەکات هۆشیار زێباری سێ کارتی فشار بۆ چارەسەری پرسی مووچە ئاشکرا دەکات | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

هۆشیار زێباری سێ کارتی فشار بۆ چارەسەری پرسی مووچە ئاشکرا دەکات

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، مەحاڵە گەلی کوردستان بەردەوامی دۆخی ئێستا و قەیرانی بێ مووچەیی قبووڵ بکات، بۆیەش سزادان و لابردنی ئەو سەرۆکوەزیرانانەی عێراق کە پابەندی دەستوور و یاساکان نین، کشانەوەی کورد لە بەغدا و بەکارهێنانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کوردستان سێ بژاردەن بۆ دروستکردنی فشار بەئامانجی چارەسەرکردنی پرسی مووچە. 

لە هەرێمی کوردستان بێ مووچەیی باڵی بەسەر جەژنی قوربانی ئەمساڵدا کێشاوە و خەڵک بە گڕوتینەوە بەشدارییان لە جەژندا نەکرد، دوای ئەوەی 28ی ئایاری ئەمساڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕەوانەکردنی مووچەی مانگانەی بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگرت. 

هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق و ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سکای نیوز عەرەبی"ـی ئیماراتی، ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، خەڵکی کوردستانی لە خۆشییەکانی جەژن بێ بەشکرد و جیاکاری لەنێوان فەرمانبەرانی کوردستان و عێراق درووستکرد، ئامانجیش لێی لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و سیستمی فیدڕاڵیی عێراق بوو. 

بەوتەی زێباری، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق قورس دەبێت و هەموو حکومەتێکیش لە عێراق بە ڕێککەوتنی سیاسیی پێکدەهێنرێت نەک ژمارەی کورسی یان ئەو دەنگانەی لایەنەکان بەدەستی دەهێنن، لەمێژووی نوێشدا کورد ڕۆڵێکی سەرەکیی بینیووە لە دوورخستنەوەی ژمارەیەک لەو سەرۆکوەزیرانانەی عێراق کە پابەندی دەستوور و یاسا نەبوون. 

بەشێکی دیکە لە قسەکانی هۆشیار زێباری: 

- بڕیاری ڕاگرتنی مووچە جگە لەوەی جیاکارییە بەرامبەر خەڵکی کوردستان، لێدانیشە لە پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانیان.

- کورد لە دانان و لابردنی سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو، کاتێک پابەندی دەستوور و یاساکان نەبوون، بەهاوکاری هاوپەیمانەکانییشمان ڕێگربووین لەوەی بەشێکیان خولی دووەم و سێیەمی پۆستەکانیان وەربگرنەوە.

- کورد هاوبەشە لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئەگەر ئەو مامەڵە نادادپەروەرانە لەگەڵیدا دەکرێت بەردەوامبێت، هیچ مانایەک بۆ بەردەوامی مانەوەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا نامێنێت. 

- هەرێمی کوردستان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپا، وڵاتانی عەرەبی، تورکیا و ئێران پەیوەندییەکی فراوانی هەیە و بۆ چارەسەری کێشەی مووچە ڕەنگە سوود لەو پەیوەندییانەش وەربگرین.

- لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی دارایی فیدڕاڵ دەپرسم بەرژەوەندییتان چی بوو کە لەم کاتەدا قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانتان تەقاندەوە؟.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه