ئەو عێراقەی سەردەمانێکی زۆر دوور مەڵبەندی زانست و مەعریفە و کتێب و رۆشنبیری و کرانەوە بوو بەرەو جیهانی دەرەوە…ئەو بەغدایەی لە سەردەمانێکی زۆر کۆنەوە ناوەندی پێگەیاندنی مرۆڤی زانا و دانا و دوازدە عیلم و کەسایەتی گەورەی دونیای پێگەیاندن و ئایینپەروەری و پێکەوەیی بوون بوو، ئەو بەغدایەی پیاوی گەورە و زانا نوێنەرایەتیان دەکرد و تا هەڵگیرسانی یەکەم جە نگی جیهانی ناوێکی گەورە و خاوەن نفوز بوو لە رووبەری زانست و دونیای مەعریفەدا، ئێستاکە کراوەتە دیلی دەست چەند کۆلکە مەلایەکی تایفی و بەکرێگیراوی لە چەشنی خەزعەلیەوە.
قەیس خەزعەلی سەرباری ئەوەی پێشتر بەهۆی کردار و لێدوان و پیلانگێڕیەکانیەوە خراوەتە بەندیخانە و لە ڕیزەکانی هێزە شیعەکاندا تڕۆ کراوە، ئێستاکە بووە بە دوژمنی باوک کوشتەی کوردەوە.
خەزعەلی لە چەشنی بووکەڵەیەکی قوڕمیشکراو لە سەر هیچ دەرفەتێک باز نادات، دژایەتی هەرێمی کوردستان و چەواشەکردنی شەقامی عێراقی نەکات. ئەم بوونەوەرە دژایەتی خۆی بۆ مافە دەستووریەکانی هەرێم نەشاردۆتەوە و وەک بڵێی تەڵاقی ئەکەوێ ئەگەر رۆژێک دژی هەرێم قسە نەکات.
ئەم بوونەوەرە ئەرکی تێکدانی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدای پێ سپێردراوە و لێدانەکانیشی پڕن لە مانۆڕ و بەکارهێنانی دەستەواژەی شۆفینی و رەگەزپەرستی و فاشیزمی نەژادیەوە.
خەزعەلی لە پاڵ ئەم تێکدانەدا بەردەوام سەرقاڵی سپی کردنەوەی ملیاردها دۆلار بووە بۆ ئێران لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە و تا بینە قاقای لە ناو گەندەڵیدا نەغرۆیە.
ئەوەی لە لێدوانەکانی قەیس خەزعەلی وردبێتەوە زوو بۆی دەردەکەوێ، ناوبراو هەڵقە لەگوێی ئێران و نۆکەر و بەکرێگیراوێکی عەیار بیستوچواری دەرەکی و تا سەر ئێسقان تایفی و شیعەیەکی تووندڕۆو تێکدەر و دژە نیشتیمان و پێکەوە ژیان و هەرێمی کوردستانە.
ئەگەر ئەم زاتە لغاو نەکرێت و سنوورێکی بۆ دانەنرێت، دۆخی سیاسی و ئاستی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، لەم هەڵبەزین و دابەزین و هەڵکشان و داکشان و گرژی و ئاڵۆزیە رزگاری نابێت.
وەڵام بدەوه