سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی و سەرۆك هۆزی پارێزگای ئەنبار و دەوروبەری بەغدا دەكات
ڕۆژی دووشەممە 26ی ئایاری 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی و سەرۆك هۆزی پارێزگای ئەنبار و دەوروبەری بەغدا كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد كە هەردەم بەرگریكار و پاڵپشتی داواكاری و مافی پێكهاتەكانی عێراق بووە. هەروەها سوپاسی گیانی مێواندۆستیی خەڵكی كوردستانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و لە كاتی شەڕی تیرۆردا سەدانهەزار ئاوارەیان حەواندوەتەوە. هەر لەو دیدارەدا ئەندامانی شاندی میوان باسی بارودۆخی پارێزگای ئەنبار و هەروەها ماف و داواكاری و كێشەكانی ناوچەكانیان كرد و سەرۆك بارزانیان لە چەندین پێشنیار و داواكاریی خەڵكی ناوچەكانیان ئاگادار كردەوە و داواشیان كرد لە پڕۆسەی حوكمڕانی و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا هاوسەنگی هەبێت و هەماهەنگی و برایەتی و تەبایی لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق پتەوتر بكرێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان گوتەیەكی پێشكەشی ئامادەبوان كرد و لە گوتەكەیدا ڕۆشنایی خستە سەر ئەو هەڵە و پێشێلكارییانەی كە لە دوای ڕووخانی ڕژێم ئەنجام دراون و جەختی لەوە كردەوە كە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا ئەو كات سەركەوتوو دەبێت كە هەموولایەك پابەندی دەستوور و پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی بن. لە درێژەی گوتەكەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە و هەروەها هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و چۆنیەتی پاراستنی عێراق لە هەڕەشە و ئاستەنگەكان كرد.
لە بەشێكی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیار و تێبینیەكانی ئامادەبوانی دایەوە
وەڵام بدەوه