پەكەكە، لە كۆنگرەی ١٢ی دا، بڕیاریدا چەك دابنێ و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، ئەوەیشی قسەی لەبارەوە دەكرێ، قۆناغەكانی چەكدانانی پەكەكە چۆن دەبێت؟، تاوەكوو ئێستا روون نییە قۆناغەكان چۆنن، بەڵام چەند رۆژنامەنووسێكی توركیا، زانیاریی لەو رووەوە بڵاو دەكەنەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی سەر بە ئاكەپە بڵاویان كردووەتەوە، چەكدانانی پەكەكە، لە سێ شوێن دەبێ، یەكەمیان لە سلێمانی، دووەم له دهۆك و سێیەمیش لە كۆیە دەبێ، بەڵام ئالییەتی چەكدانان و چۆنییەتی چەكدانان نەزانراوە.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لێیان پرسی، پەكەكە چۆن چەك دادەنێ؟ له وهڵامدا گوتی: ”دەزگای هەواڵگریی توركیا لەو رووەوە خەریكە و ئەوان ئامادەكاری ئەنجام دەدەن“
وەكوو ئەوەی باس دەكرێ، لە قۆناغی یەكەمدا پەكەكە، بە نێوەنگیری لایەنی سێیەم چەكەكان دادەنێ، چونكە ئەگەر لایەنی سێیەم بوونی نەبێ، چەكدانان رێچكەی یاسایی خۆی وەرناگرێت، بەڵام روون نیە لایەنی سێیەم كێیە؟.
نەوزاد چیچەك، رۆژنامەنووسی نزیك لە ئاكەپە، دەڵێ، ئەو پرۆسەیەی دەستی پێكردووە، تا گەیشتە ئەوەی پەكەكە چەك دابنێ، مۆدێلێكە تایبەت بە توركیا، واتە توركیا مۆدێلی هیچ وڵاتێكی لەو رووەوە وەرنەگرتووە.
ئەم گوتەیەی چیچەك دەیسەلمێنێ كە تاوەكوو ئێستا توركیا رێگەی نەداوە لایەنی سێیەم لە پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە بوونی هەبێت. مۆدێلی هەموو ئەو وڵاتانەی هەمان پرسیان هەبووە، وەكوو ئێرلەندای باكوور و بەریتانیا، یاخود فارك و كۆڵۆمبیا، چەكدانان بەنێوەنگیری نەتەوەیەكگرتووەكان بووە، بەڵام بۆ توركیا تاوەكوو ئێستا نەتەوەیەكگرتووەكان رۆڵی نەبووە.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، لە قۆناغی یەكەمدا پەكەكە چەك دادەنێ، بەڵام روون نیە ئاخۆ چەك دانانەكە چۆن دەبێت و كێ بەشدار دەبێت تێیدا؟.
لە قۆناغی دووەمدا، باس لەوە دەكرێت بەرپرسە باڵاكانی پەكەكە، وەكوو جەمیل بایك، موراد قەرەیلان و بەسێ هۆزان، رێگەیان بۆ خۆش دەكرێت تا بچنە وڵاتی سێیەم، كە توركیا پێشنیاری كردووە، ئەوان بچنە نەرویژ و لەوێ مافی پەنابەری وەربگرن.
بۆیە نەرویژ دیاری كراوە، چونكە لە ٢٠٠٩، نەرویژ نێوەنگیری لەنێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا كرد بۆ پرسی چارەسەری كورد، ئەگەرچی پڕۆسەكە دوو ساڵی خایاند، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن و پڕۆسەكە لەبار بردرا.
لە قۆناغی سێیەمدا، هەموو ئەو چەكدارانەی پەكەكە، كە ناسنامەی توركیایان لێسەندراوەتەوە بەهۆی ئەوەی بوونەتە گەریلا، پێویست دەكات بەیاسا لە پەرلەمانی توركیا، ناسنامەیان پێ بدرێتەوە، بەڵام توركیا لەو رووەوە هەنگاوی نەنانەوە و تاوەكوو ئێستا بە فەرمی لێدوانی لەو بارەیەوە نەداوە.
درێژهی ههواڵهكه لهم لینكهدایه:
وەڵام بدەوه