گوتەبێژی جێگری سەرۆكی حكوومەت رای گەیاند، سبەینێ یەكێتی و پارتی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت لە سلێمانی كۆ دەبنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی نیسان، سەمیر هەورامی گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، كۆبوونەوەكانی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ حكوومەتی هەرێم بەردەوامە.
زیاتر گوتی، بڕیارە سبەی پێجشەم، جارێكی تر هەردوولا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم لە سلێمانی كۆببنەوە.
دوێنێ دوای كۆبوونەوەی هەردوو حزب، لە راگەیەنراوی هاوبەشی پارتی و یەكێتیدا بڵاو كرایەوە، لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام، هەردوو شاندی دانوستانكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا كە لە كەشێكی دۆستانە و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كرا، هەنگاوی ئەرێنی و بەرەوپێشچوونی باش هەبوو. لە رۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن.
لە ماوەی رابردوودا پارتی و یەكێتی لە ڕێگەی لیژنەكانیانەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكوومەت، رەشنووسێكیان ئامادە كردووە و بڕیارە لە داهاتوودا بڕیاری كۆتایی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت بدرێت.
وەڵام بدەوه