بە گوێرەی زانیارییەكانی سیاسەتمەدارێكی باكووری كوردستان، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە سلێمانی ئەو كۆنگرەیە دەبەستێت كە رێبەری زیندانیكراوی حزبەكە داوای دەكات و هەر لەو كۆنگرەیەشدا خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئیبراهیم خەلیل باران، سیاسەتوانی باكووری كوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە، لە ماوەیەكی نزیكدا پەكەكە، لە سلێمانی كۆنگرە دەبەستێت و هەر لەو كۆنگرەیەش خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و چەك فڕێ دەدات.
باران، لە نووسینەكەیدا باس لەوەش دەكات كە خواستێكی نێودەوڵەتی هەیە تا پەكەكە چەك دابنێت، بۆیە چەكدانانی پەكەكە لە كۆنگرەدا یەكلایی دەبێتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ٢٧ی ٢ی ٢٠٢٥، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، لە پەیامێكدا داوای لە پەكەكە كرد، كۆنگرە ببەستێت و چەك دابنێت، بەڵام تاوەكوو ئێستا پەكەكە هیچ كات و شوێنێكی بەفەرمی بۆ كۆنگرە دیاری نەكردووە.
ئەگەرچی باران باس لەوە دەكات، پەكەكە لە سلێمانی كۆنگرە دەبەستێت، بەڵام دەوڵەت باخچەلی، داوای لە پەكەكە كرد، لە مالیزگیرتی سەر بە مووش كۆنگرە ببەستن.
وەڵام بدەوه