مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا كرد كە لە ئەندامانی كۆنگرێس ئادەم سمیس، مایكل باومگارتنەر ، سارا جاكۆبس ، وێسلی بێڵ ، جۆرج وایتسایدز و شاندی یاوەریان پێكهاتبوو.
لە كۆبوونەوەكەدا، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچە و پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا ئاڵوگۆڕ كرا.
شاندی كۆنگرێس كورتەیەكیان لەبارەی ئامانجی سەردانەكەیان خستەڕوو و ئاماژەیان بە پێگەی گرنگیی هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە كرد و پشتیوانی ئەمەریكایان بۆ هەرێم دووپات كردەوە.
سەرۆكی حكوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ هاوكاری و پشتگیریی بەردەوامیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەربڕی، هەروەها تیشكی خستە سەر چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێم لە بوارەكانی وزە و كارەبا و سیستەمی بانكی .
لە بەشێكی تری گفتوگۆكاندا، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە زووترین كاتدا كردەوە.
پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ، گرنگیی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، هەروەها گۆڕانكارییەكانی سووریا و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، چەند تەوەرێكی تری گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە بوون.
وەڵام بدەوه