Kurdistan Press - هۆکاری ڕاگرتنی ڤیزای سعوودیە ڕاگەیەندرا هۆکاری ڕاگرتنی ڤیزای سعوودیە ڕاگەیەندرا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

هۆکاری ڕاگرتنی ڤیزای سعوودیە ڕاگەیەندرا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ڕایدەگەیەنێت: سعوودییە پێدانی هەموو جۆرە ڤیزایەکی ڕاگرتووە و هەر کەسێک ڤیزای هەبێت، بۆی هەیە لە ئێستەوە بچێتە ئەو وڵاتە، بەڵام پێویستە پێش کۆتایی ئەم مانگە بگەڕێنەوە تاوەکوو بە نایاسایی حەج نەکەن. 
پێنجشەممە، 03-04-2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "سعوودییە پێدانی ڤیزای عومرە و هەموو جۆرە ڤیزایەکی دیکەی بە 14 وڵات، لە نێویشیاندا عێراق و هەرێمی کوردستانی ڕاگرتووە. لەو چوارچێوەیەدا، لە سەرەتای ئەم هەفتەوە، ئەو لینکەی لەلایەن ئەو وڵاتەوە بە کۆمپانیان درابوو بە مەبەستی داواکردنی ڤیزا بە شێوەی ئەلیکترۆنی، ناچالاک کراوە."
بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە "ئامانجی سعوودییە لە ڕاگرتنی داواکردنی هەموو جۆرێکی ڤیزا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نایەوێت ئەوەی لە پرۆسەی حەجی ساڵی ڕابردوو ڕووی دا، دووبارە ببێتەوە و کەس نەتوانێت بە ڤیزای گەشتیاری، ڤیزای یەک ساڵە و جۆرەکانی دیکەی ڤیزا، حەج بکات. هاوکات بڕیاری داوە، ڕێکارەکان لە دژی حەجی نایاسایی توندوتوڵتر بکات."
"سعوودییە ڕێکاری توند لە دژی حەجی نایاسایی دەگرێتەبەر"
لەبارەی ئەو کەسانەی پێشتر ڤیزای سعوودییەیان وەرگرتووە چارەنووسیان چی دەبێت؟ ستوونی گوتی: "دوایین ڤیزای سعوودییە بۆ گەشتیار و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 28ـی مانگی ڕابردوو گەڕاوەتەوە و تاوەکوو 13ـی ئەم مانگە کاتیان لەبەر دەستە بچن وەری بگرنەوە. ئێستە هەموو ئەوانەی ڤیزایان گەڕاوەتەوە دەتوانن بچنە سعوودییە، بەڵام دەبێت پێش 29-04-2025، بگەڕێنەوە، چونکە ئەو کات نزیکەی مانگێک و 10 ڕۆژ بۆ دەستپێکردنی وەرزی حەج دەمێنێت. هەر کەسێک لەوێ بمێنێتەوە و حەج بکات، سزا دەدرێت و بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت. ئەوانەی بە ڤیزای یەکساڵیش لەوێ ماون، بە بڕیاری حکوومەتی ئەو وڵاتە، لەمیانی پرۆسەی حەج تەنانەت بۆیان نابێت لەنێو شاری مەککەشدا بمێننەوە، بە پێچەوانە سزا دەدرێن."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە، ئاماژەی بەوەش دا "لە هەماهەنگیی بەردەوامداین لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق تاوەکوو بە هەموو شێوەیەک ڕێگریی لە حەجی نایاسایی بکەین و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ڕێکارەکان توندتر کراون. بەداخەوە ساڵی ڕابردوو، لەبەر ئەوەی بەشێکی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی نایاسایی حەجیان کردبوو و هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین نەکرابوو، بەشێکیان لەبەر گەرما و بەشێکی دیکەشیان بە نەخۆشی گیانیان سپارد، ئێمە نامانەوێت ئەمساڵ ئەوە دووبارە ببێتەوە."
خول بۆ دەرچووانی حەجی ئەمساڵ دەکرێنەوە
لەبارەی ئەوەی ئامادەکارییەکانی حەجی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان بە کوێ گەیشتوون، ستوونی ئەوەی خستە ڕوو "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ دەرچووە کۆ دەبینەوە و لە 16ـی ئەم مانگەوە تاوەکوو 26ـی ئەم مانگ، بۆ 10 ڕۆژ، خولیان بۆ دەکەینەوە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوە و ڕێنوێنیکردنیان لەبارەی پرۆسەی حەج. خولەکان لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن و کەسانی خاوەن ئەزموون و شارەزا سەرپەرشتییان دەکەن."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە باسی لەوەش کرد "بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی حاجییانی ئەمساڵ زیادی کردووە، بەوپێیەی ئەمساڵ ناوی پێنج هەزار و 190 کەس بۆ حەج گەڕاوەتەوە، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو، چوار هەزار و 685 کەس حەجیان کردبوو."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ حەجی 2025 حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی چوار ملیار و 200 ملیۆن دینار پاڵپشتی پرۆسەی حەجی کردووە و تێچووی حه‌جی ئەمساڵ بۆ گه‌شتی ئاسمانی حه‌وت ملیۆن دیناری عیراقی و بۆ گه‌شتی وشكانیش پێنج ملیۆن و 500 هه‌زار دینار ده‌بێت

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه