دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رای گەیاند لە ڤلادمیر پوتین سەرۆکی رووسیا زۆر تووڕەیە، ئەو بۆ کەناڵی ئێن بی سی هۆکاری تووڕەییەکەی بۆ ئەو قسانە دەگەڕێنیتەوە کە ڤلادمیر پوتین لەبارەی شەرعییەتی دەسەڵات و پێگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا کردوویەتی. ئەو هاوکات هۆشداری بە زیلینسکی دا کێشە دروست نەکات.
ڤلادمیر پوتین سەرۆکی رووسیا پێشنیاری کردبوو ئۆکراینا لە لایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی بکرێت تا ئەو کاتەی حکوومەتێکی شایستە لەو وڵاتە دادەمەزرێت، پێشنیارێک کە ئەمەریکا رەتی کردبووەوە و هەر بۆیەش ترەمپ لێی تووڕە بووە.
ترەمپ گوتی ''ئەگەر من و رووسیا نەتوانین کۆتایی بە خوێنڕشتن و جەنگ لە ئۆکراینا بهێنین و بە رێککەوتن نەگەین، ئەگەر من بۆم دەربکەوێت بەربەست و لەمپەر رووسیایە، باجی زیاتر بەسەر تەواوی بەرهەمەکانی رووسیادا دەسەپێنم.''
جێی باسە لەوەتەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی گەڕاوەتەوە یەکەم جارە سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشە لە رووسیا دەکات ئەگەر بەرەو ئاگربەستی و کۆتاییهێنان بەجەنگ هەنگاو نەنێت چی بەسەر دێنێت.
سەرەڕای ئەم هەڕەشانە ترەمپ گوتوویەتی دەخوازێت جارێکی تر لەگەڵ پوتین قسە بکات و دۆخەکە بە تەواوی هەڵبسەنگێنێت. پێشتر رووسیا و ئۆکراینا لەسەر ئاگربەست لە دەریای رەش رێککەوتن بەڵام بەردەوام هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردووەتە سەر یەکتر.
ترەمپ جۆرێک گومانی لە ڤلودمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرایناش هەیە و دووبارە هەڕەشەی لە ئەویش کرد و پێی گوت ئەگەر بۆی دەربکەوێت کە سەرۆکی ئۆکراینا پرسی رێککەوتن دوا دەخات و کێشەی بۆ دروست دەکات ئەوا خۆی تووشی سەرئێشەیەکی گەورە دەکات.
ئەو روونتر گوتی ئۆکراینا دەخوازێت ببێتە ئەندامی ناتۆ بەڵام هەرگیز نابێتە ئەندامی ناتۆ و خۆیشی درک بەوە دەکات.
وەڵام بدەوه