بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پارێزگای هەولێر لە 26ی 2ی 2025، بەنووسراوی فەرمی پرسیارێكی ئاڕاستەی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان - ئەنجوومەنی باڵای فەتوا كردووە و دەپرسێت، ئایا دروستە زەكات بنێردرێتە دەرەوەی كوردستان لە كاتێكدا خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت هەبن؟ لەبەرامبەریشدا، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بەنووسراوی فەرمی، وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە و ڕایدەگەیەنێت، دروست نییە زەكات بنێردرێتە دەرەوەی كوردستان.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پارێزگای هەولێر بە نووسراوی فەرمی لە ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان دەپرسێت، ئایا دروستە زەكات بنێردرێتە دەرەوەی كوردستان؟ لەبەرامبەریشدا، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بە نووسراوی فەرمی، وەڵامی داوەتەوە و ڕایدەگەیەنێت، "نووسراوتان ژمارە 864 لە 26ی 2ی 2025، سەبارەت بە حوكمی شەرعیی ناردنی زەكات بۆ دەرەوەی وڵات لەكاتێكدا لە ناوەوەی كوردستان خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت هەبێت، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە ڕۆژی 27ی 2ی 2025، تاووتوێی بابەتەكەی كرد، بەگەڕانەوەی بۆ سەرچاوەكانی فیقهی ئیسلامی."
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا، لە وەڵامدا ڕایدەگەیەنێت: "دەربارەی گواستنەوەی زەكات لە شارێكەوە بۆ شارێكی دیكە یان لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە، ڕای پەسند وایە، كە هەتا هەژار و نەدار و كەمدەرامەت هەبێت لەو جێگەیەی زەكاتدەر لێی دەژی، دروست نییە زەكاتەكەی بگوازێتەوە بۆ جێگەیەكی دیكە، ئەمەش ئەسڵی مەزهەبی پێشەوامان ئیمام شافیعییە ڕەزای خودای لەسەر بێت، بۆیە هەتا لە شار و شارۆچكە و گوندەكانی وڵاتی كوردستاندا هەژار و قەرزار هەبێت دروست نییە زەكات بگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی كوردستان."
ئەوە دەخاتە ڕوو، كە "هەر كات كەسی دەوڵەمەند دڵنیا بوو، كە لەو جێگەیەی لێی دەژی، هەژار و نەدار نییە، ئەوكات دروستە بیگوازێتەوە بۆ هەژارانی دوورتر لەخۆی لە وڵاتەكەی كە كوردستانە، هەر كات دڵنیابوو كە لە كوردستان بە هەر چوارپارچەیەوە هەژاری تێدا نەماوە، ئەوكات دروستە بۆ وڵاتێكی دیكەی بنێردرێت، مەگەر سیلەی ڕەحمی خۆی، خزمی خۆی لێ بێت، ئەوكات لەسەر ڕای هەندێك لە زانایان دروستە."


وەڵام بدەوه