گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر ئاشکرای کرد، سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆتایی بە وادەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان دێت، بۆیە چەند ڕۆژێک لەبەردەم هاووڵاتیان ماوە و پێویستە تا ئەو کاتە مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن، چونکە بەپێی یاسا ناتوانن ماوەکە درێژ بکەنەوە.
سیامەند کەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەپێی یاسای هەموارکراوی پەرلەمانی کوردستان ماوەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان 9/9 تەواو دەبێت کە دەکاتە هەفتەی داهاتوو، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان پەلە بکەن، ئەوانەی مامەڵەیان پێشکەش نەکردووە، چونکە بەپێی یاسا ناتوانن ماوەکەی درێژ بکەنەوە''.
گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر گوتیشی: ''لە پارێزگای هەولێر لیژنەیەک پێک هاتووە و تا شەو کار دەکەن بۆ ئەوەی مامەڵەی هاووڵاتیان بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان وەربگرن و تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار مامەڵە وەرگیراوە و بەهۆی ئەوەی هیچ داتایەک نییە نازانن چەندیشی ماوە، بەڵام گرنگە ئەو هاووڵاتیانەی ماون پەلە بکەن بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانیان.''
گوتیشی: ''ئێستا پارەکەشی دیاری کراوە کە تاپۆکردن دوو ملیۆن دینارە و بە چوار قیست دەدرێت و ئەوانەی پێشتر سوودمەند بوون، ئەوانەش بۆیان تاپۆ دەکرێت، بەڵام بڕێکی زیاتر پارەیان لێ وەردەگیرێت.''
وەڵام بدەوه