تۆڕی هەواڵی ئەڵمانی "دۆیچەوێلە" DW ناوەڕۆكی توێژینەوەیەكی ئەمەریكی بڵاو كردووەتەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە كە ژێر خاكی عێراق لە ئێستەدا لە پڕۆسەی نقوومبوونە بۆ ژێر زەوی، ئەمەیش لە ئەنجامی چالاكی و جوولەی چینەكانی زەوی لە زەریاكان و كاریگەرییە راستەوخۆكانی لەسەر عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەت.
بەپێی توێژینەوە ئەمەریكییەكە، زنجیرە چیاكانی زاگرۆس لە هەرێمی كوردستان، لە ئێستەدا لە بەشی ژێرەوەیدا دووچاری نقومبوون بووەتەوە بەشێوەیەكی زۆر هێواش و لەسەرخۆ، ئەمەیش لە ئەنجامی شكانی چینەكانی زەوی لە زەریاكان كە بووەتە كاریگەرییەكی گەورە لەسەر زەوییەكانی ژێر چیای زاگرۆس.
توێژینەوەكە ئاماژەی داوە ئەوەی لە ژێر زەوییەكانی چیای زاگرۆس دەگوزەرێت، دەبێتە هۆی داتەپینی تەواوی زەوی عێراق هەنگاو بە هەنگاو تا دەگاتە رادەی نائاسایبوون.
توێژینەوەكە ئاماژەی بەوەیش كردووە كە ئەم چالاكییانەی ئێستەی ژێر زەوییەكانی چیای زاگرۆس لە ئایندەدا دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی چالاكییەكانی بوومەلەرزە لە عێراق و ژمارەی بوومەلەرزەكانیش بەم هۆیە لە تەواوی دنیا بەرزتر دەبێتەوە.
توێژینەوەكە روونی كردووەتەوە، پرۆسەی "نقومبوون" لە ژێر زەوی ئەو ناوچە لە ئێستەدا دەستی پێ كردووە و زۆر بە هێواشیش بەردەوامی هەیە و ناتوانرێت كاتیشی بۆ پێوانە و دیاری بكرێت بەپێی رووداوە سروشتیەكانی تری جیۆلۆجی و ئاشكرایشی كردووە كە زیادبوونی چالاكییەكانی بوومەلەرزە لەم دواییانەی عێراق هۆكارێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم نقومبوونەی زەویەكانی ژێر چیای زاگرۆس.
لای خۆشییەوە دەستەی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقی، ئەمڕۆ شەموو 15ی شوباتی 2025 بڵاوی كردووەتەوە، نقومبوونی ناوچەكانی چیای زاگرۆس لە قوڵای زەویدا پرۆسەیەكی زۆر سروشتییە، ئاماژەیشی كردووە كە پلێتە عەرەبیەكانی ناوچەكە دەكشێن و نومق دەبن بۆ پلێتی ئێرانی كە ئەمەیش دەبێتە هۆی دروستبوونی چالاكی بوومەلەرزەیی لە ناوچەكانی چیای زاگرۆس.
پەیوەست بەم بابەتە، حەسەنەین جاسم بەڕێوەبەری بوومەلەرزەزانی لە دەستەی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، پڕۆسەی نقوومبوونی پلێتی عەرەبی و كشانی بۆ پلێتی ئێرانی زۆر بە هێواشی بەڕێوەدەچێت بەجۆرێك ساڵانە سێ بۆ پێنج سانتیمەترە.
زیاتریش لە توێژینەوە ئەمەریكییەكە ئەوەی تێدا هاتووە، پرۆسەكە زۆر ئاڵۆزە و تەواوبوونی نقوومبوونەكەیش پێویستی بە ملیۆنان ساڵ هەیە، ئاماژەیشی داوە كە گرووپێك بە سەرۆكایەتی چەند زانایەك لە زانكۆكانی ئەڵمانیا و بێرنی سویسرا خەریكی لێكۆڵینەوە و توێژینەوەن لە ناوچەكانی چیای زاگرۆس بۆ گەیشتن بە دەرەنجامی زیاتر.


وەڵام بدەوه