بەگوێرەی بەدواداچوونەكان ئەم هەفتەیە پارتی و یەكێتی پلانی دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەڵاڵە دەكەن و دابەشی دەكەن.
زیاتر لە پێنج كۆبوونەوە لەنێوان شاندی تەكنیكی پارتی و یەكێتی كراوە، رەشنووس ئامادەكراوە و ئەم هەفتەیە گفتوگۆكان دەچێتە قۆناغێكی نوێوە و پۆستەكان دابەش دەكەن.
بەپێی زانیارییەكان پارتی و یەكێتی لەسەر زۆربەی خاڵەكانی نێوانیان رێككەوتوون. سەرچاوەیەكی ئاگەدار گوتی، ئەم هەفتەیە هەنگاوی تر دەنێن و پۆستەكان دابەش دەكەن.
ڕوونیشی كردەوە كە بەشێوەیەكی گشتیی بەرچاو ڕوونی هەیە پێدەچێ چەند وەزارەتێكی سیادی بدرێت بە یەكێتی.
دوو ڕۆژی ڕابردوویش، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئەلحەدەس، لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت ڕای گەیاند، دەستمان بە دانوستانی ڕژد بۆ پێكهێنانی حكوومەت كردووە و گەیشتووینەتە ئەنجامێكی باش.
هەروەها گوتی، لەگەڵ هاوبەشەكانمان گفتوگۆ لەسەر دابەشكردنی پێگە و پۆست و پلەكان دەكەین، كەشەكە ئەرێنییە و بەهیواین حكوومەت لە دوو مانگی داهاتوودا پێك بێت و پێمان وانییە زیاتر بخایەنێت.
وەڵام بدەوه