سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەرواێزی لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە شاری (دوبەی)ی ئیمارات، لەگەڵ وەزیری دارایی تورکیا كۆ بووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12/2/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەرواێزی لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا کۆ بووەوە، لە دیدارەکەدا جەخت لە برەدوان بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا کرا، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێناندا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا تاوتوێ کرا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەیەکەوەبەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و وڵاتانی ئەورووپا لە ڕێگەی هێلی ئاسنین کرا، هەردوولاش هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەشداریی کارای هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژە گرنگەدا.
وەڵام بدەوه