بەگوێرەی ڕێنمایی خانەنشینی لە عێراق، ئەو سێ تەمەنەی لەو ماوەیە خانەشین دەبن و سەرووی 25 ساڵ خزمەتیان هەیە، دەبێت 18 مووچەیان بۆ خەرج بکرێت کە شەشیان مووچەی بنەڕەتی و 12 ـیان مووچەی خانەنشین بوونیانە.
ڕۆژانە سەدان خانەنشین کە تەمەنیان سەرووی 60 ساڵییە مامەڵەی دەستلەکارهەڵگرتن دەکەن، سەرجەمیان شەش مووچە بە مووچەی بنەڕەتی لەو دامەزراوەیە وەردەگرن کە خزمەتی وەزیفیان تێیداکردووە، لە عێراق ئەوانەی خانەنشین دەبن و خزمەتیان زیاترە لە 25 ساڵ، 12 مووچەی دیکەیان بە مووچەی خانەنشینی بۆ خەرج دەکرێت، کە ئەمە دەبێت لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.
مووچەکان چۆن وەردەگیرێت:
هەر فەرمانبەرێک کە خانەنشین دەبێت 6 مووچە لە فەرمانگەکەی خۆی وەردەگرێت، 12 مووچەکەی تر بەڕیوەبەرایەتی خانەنشین پێیدەدات، بەو مەرجەی 180 ڕۆژ مۆڵەتی کۆکراوەی هەبێت لە کۆی خزمەتەکەی کە 25 ساڵە.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سلێمانی گوت، "خەرجکردنی 18 مووچە تەنیا ئەو سێ تەمەنە (60، 61 و 62) دەگرێتەوە کە ئەم ماوەیە بڕیاری خانەنشینبوونیان دراوە، ئەمەش پێویستی بە ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی عێراق هەیە بۆ تەرخانی پارەکە بۆئەوەی بۆیان خەرج بکرێت." ئەو فەرمانبەرانەی خزمەتیان کەمترە لە 25 ساڵ، تەنیا شەش مووچەی بنەڕەتی لە فەرمانگەکەیان وەردەگرن و لەو 12 مووچەیەی لە خانەنشینی خەرجدەکرێت سوودمەندنابن.
وەڵام بدەوه