Kurdistan Press - ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی عەرەبی چی وت لەبارەت مەسرور بارزانی؟ ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی عەرەبی چی وت لەبارەت مەسرور بارزانی؟ | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی عەرەبی چی وت لەبارەت مەسرور بارزانی؟

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی رابردوودا چەندین گەشتی دیپلۆماسیی گرنگی ئەنجام داوە. ئەو گەشتانە بریتیبوون لە سەردانی ئەنقەرە، ئەبووزەبی و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس. رۆژنامەی (ئەلعەرەب)، لەمبارەوە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوە داوە، جموجۆڵی چالاکانەی مەسرور بارزانی، پرسە گرنگەکانی کوردستان دەخاتە سەر نەخشەی سەرنجی نێودەوڵەتی.

لە راپۆرتێكی رۆژنامەكەدا هاتووە “ئەو هەوڵانەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەکاتێکدایە، کە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، مەسرور بارزانی هەوڵی داوە لە رێگەی ئەو دیدار و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییانەوە، پشتگیریی بۆ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی كوردستان کۆ بکاتەوە و فشار بخاتە سەر بەغدا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و دابینکردنی مافە داراییەکانی هەرێم.”

بەپێی شیكاریی رۆژنامەكە، جموجۆڵی چڕوپڕی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ئەنقەرەوە بۆ داڤۆس و لە رێگەدا سەردانی ئەبووزەبی و عەمانیشی کرد، نیشاندەری فراوانبوونی تۆڕی پەیوەندییەکانی هەرێمی كوردستانە لە ناوچەکە و له‌ جیهاندا. هەروەها ئەمە چالاکیی دیپلۆماسی و توانای سەرکردایەتیی هەرێمی كوردستانی دەرخستووە لە گەیاندنی دەنگی خۆی بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی و روونکردنەوەی کێشەکانی بۆ کاریگەرترین ئەکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بە تێپەڕاندنی ئەو فشارانەی کە لە ناوخۆدا لەلایەن هاوبەشەکانییەوە لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە دەخرێنە سەری.

هەر بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە، بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکانی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، دەرفەتێکی رەخساندووە بۆ خستنەڕووی دیدگاکانی سەرکردایەتیی هەرێمی كوردستان و کێشە هەنووکەییەکانی بۆ کۆمەڵێکی فراوان لە سەرکردە و بەرپرسە بەرزەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بەم شێوەیە، پێگەی هەرێمی كوردستانی وەک هاوبەشێکی سەرەکی بۆ ئەو دەوڵەت و دەزگایانەی، کە نوێنەرایەتییان دەکەن، پتەوتر کردووە.

هەر بەپێی شیكاری رۆژنامە عەرەبییەكە، بەشداریکردنی مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییە ئابوورییەكەی داڤۆس، درێژەپێدانی جموجۆڵێکی فراوانتر بوو، کە بارزانی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەستی پێکردبوو. لەو سەردانه‌یدا گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجام دابوو. دواتر بەرەو ئەبووزەبیی پایتەختی ئیمارات رۆیشت و لەوێ چاوی بە شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات کەوت. له‌وێ چەندین پرس و بابەتی هاوبەشیان تاوتوێ کرد. پاشان سەردانی عەمانی پایتەختی ئوردونی کرد و لەوێش لەگەڵ شا عەبدوڵای دووه‌م، شای ئوردون کۆ بووەوە و کۆمەڵێک پرسی دووقۆڵی و هەرێمییان، گفتوگۆ کرد.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی نێودەوڵەتی و هەرێمی ئەنجام دا، لەوانە ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان، جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەندرێ پلێنکۆڤیچ، سەرۆک وەزیرانی کرواتیا، شازادە حوسێن، جێنشینی شای ئوردون و كوڕی شا عه‌بدوڵاى دووه‌م، جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆکی ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی و ئەحمەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا.

هەر بەپێی شیكاریی رۆژنامەكە، چالاکیی چڕوپڕی مەسرور بارزانی، گرنگی تایبەتی هەبوو، بەهۆی سروشتی ئەو قۆناغەی کە هەرێمی کوردستان تێیدا تێدەپەڕێت.

ئەم قۆناغە بە توندبوونەوەی فشارەکان لەلایەن هێزە سیاسییە زاڵەکانی دەوڵەتی عێراقەوە دەناسرێتەوە، کە کێشە ئابووری و داراییەکانیان کردووە بە ئامرازێک بۆ پاكتاوکردنی حیساباتی سیاسی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی كوردستان كە ئەمەش لە رێگەی وروژاندنی کێشەکان سەبارەت بە پشکی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی و ئەو پارەیەی کە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی تەرخان کراون.

بەپێی زانیارییه‌كانى رۆژنامەكە، کۆمەڵێک حزب و گرووپی عەرەبی شیعەی کاریگەر لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا، هەڵوێستی نەرێنی بەرامبەر دەسەڵاتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕن. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە ئەو دەسەڵاتانە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن و لە بازنەی تەوەری ئێران دانانرێت، کە ئەو حزب و گرووپانە سەر بەوێن و وەک باسکێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی و پاراستنی هەژموونی ئێران لەناو عێراقدا کار دەکەن.

رۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە، قۆناغە هەستیارەکە زیاتر ئاڵۆز بووە، بەهۆی ئەو کێشە ئابووری و داراییانەی کە کاریگەریی کۆمەڵایەتییان هەیە و هەرێمی کوردستان رووبەڕوویان بووەتەوە. ئەمەش بەهۆی ئاڵۆزبوونی کێشەی بودجە و مووچە، لەکاتێکدا کە هەرێمی كوردستان سەرچاوەکانی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی لەدەست داوە، دوای راوەستانی هەناردەکردنی به‌رهه‌می نه‌وت.

هەروەها ناتوانرێت هەناردەکردن دەست پێبکرێتەوە، بەهۆی ئەو بەربەستانەی لایەنە کاریگەرەکان لە حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیخەنە بەردەم هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی، کە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لەو کێڵگانە پشتی پێ دەبەستێت.

بەڵام رۆژنامەكە دەڵێت “مەسرور بارزانی، توانی چ لە رێگەی دیدارەکانی لە داڤۆس لەگەڵ کەسایەتی و بەرپرسە نێودەوڵەتییە گەورەکان، یان لە رێگەی لێدوانە راگەیاندنەکانی لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە كۆڕبەندەكەدا، تیشک بخاتە سەر ئەو کێشانە و لەوبارەیەوە بەرگری لە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بكات.”

بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەكە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە وردەکارییەکانی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، ئاگادار كردووەتەوە.

لە راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، "دیداری بارزانی- گوتێرێش لە داڤۆس، باسی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و کێشە ناکۆکەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کردووە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی رێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان.

بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە، کە "هەرێمی كوردستان هەموو ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردووە و داوای کۆتاییهێنان بە پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و خێراکردنی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هاووڵاتییانی کردووە.”

لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، مەسرور بارزانی، باسی لە کێشەی هەستیاری نەوت کردووە.

لەمبارەوە، بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی راگەیاند، کە دانوستانەکانی نێوان بەغدا و کۆمپانیای BP سەبارەت بە رێککەوتنێکی گەورە بۆ دووبارە گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، دەبێت هەرێمی کوردستانیش لەخۆ بگرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە "ئەو ناوچەیەی بەغدا لەگەڵ BP باسی دەکات، ناوچەی ناکۆکی لەسەرن. بەپێی دەستوور، ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ناکرێت بە تەنیا لەلایەن هەولێر یان بەغداوە بڕیاریان لەسەر بدرێت."

هەروەها روونی کردەوە "ئێمە دژی گەشەپێدانی کێڵگەکان بەگشتی نین، بەڵام لەگەڵ میکانیزمەکەدا ناکۆکین و داوای کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی کرد بۆ هەماهەنگی.”

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە ”هەرێمی كوردستان بەهۆی ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌ زیاتر لە بیست ملیار دۆلاری لەدەست داوە و حکوومەتی فیدراڵیش هیچ قەرەبوویەکی پێشکەش نەکردووە.”

هۆکاری نەگەیشتن بە چارەسەری بۆ کێشەکە گەڕاندەوە بۆ ئەو ئاڵۆزییانەی، کە هەندێک لایەن لە پرۆسەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دروستیان کردووە، کە پەیوەندیی بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوە هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، کە ”سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، لە دوا ساتدا ماددەیەکی بۆ پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە زیاد کردووە، کە بڕیار بوو ئەم هەفتەیە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، ئەمەش وایکردووە هەموارکردنەکە بە هیچ شێوەیەک لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە قبووڵ نەکرێت.”

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه