شەپۆلێكی سەرما و بەفربارینێكی زۆر سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی گرتووەتەوە و بۆ دروستنەبوونی ئاستەنگی هاتوچۆش، تیمەكانی ڕاماڵینی بەفر بەردەوام بەفر لەسەر ڕێگەكان ڕادەماڵن.
لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 20ی 1ی 2025، ئەندازیار - خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی سۆران، ڕاگەیاند: "لە بەرەبەیانی تا ئێوارەی ئەمڕۆ شەپۆلێكی سەرما و بەفربارین ناوچە شاخاوییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی گرتووەتەوە و تیمەكانی ڕاماڵینی بەفر كەوتوونەتە ئامادەباشییەوە و بەردەوامن لە كردنەوەی ڕێگەكان بەڕووی هاتوچۆ."
گوتیشی: "شەپۆلی ئەو بەفرەی كە دەبارێت، زیاتر لە سنووری حاجی ئۆمەرانی سەربە قەزای چۆمان و زینی وەرتێی سەربە قەزای ڕواندزی گرتووەتەوە و سەرماو سۆڵەشی لەگەڵدایە."
جێی باسە، لە دوێنێوە بەفرێكی زۆر سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی گرووەتەوە و تیمەكانی ڕاماڵینی بەفر، بەردەوامن لەسەر ڕاماڵینی بەفر و پڕژاندنی خوێ بۆ ئەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ دروست نەبێت.


وەڵام بدەوه